گواردیۆلا لەبارەی بردنەوەی پرێمەرلیگ و ماڵئاوایی کڵۆپ چی گوت؟

 
رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی دوای بردنەوەی نازناوی پرێمەرلیگ بۆ جاری چوارەم لەسەریەک دەڵێت "لەرووی ژمارەوە ئەوەی ئێمە کردوومانە کەس نەیکردووە."
 
گواردیۆلا دوای بردنەوەیان لە وێستهام لە دوایین گەڕی خولی ئینگلتەرا و بەدەستهێنانی نازناوی خولەکە، بەدرێسی مانچێستەر سیتییەوە چووە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا لە بارەی ئەوەی تۆپی پێی کۆتاییهێناوە گوتی "وەرزی رابردوو ئەو هەستەم هەبوو کاتێک لە ئیستەنبوڵ سەرکەوتنمان بەدەستهێنا، گوتم تەواو بوو لێر چی دەکەم؟ تەواو بوو."
 
پێپ زیاتر لەوبارەیەوە قسەیکرد و گوتی "لەگەڵ وەدا گرێبەستم هەیە و من لێرەم، هێشتا هەندێک شت هەن چێژیان لێ وەردەگرم، بەڵام هەندێک سات هەن دەبێت هەرسیان بکەم، دوای ئەو نازناوە گوتم من لێرەم و دەستمانکرد بەبردنەوەی یارییەکان و یارییەکی زۆرباشمان ئەنجامدا، یاریزانەکان جیاوازبوون، یاریزانی نوێمان هەبوو، دەستمانکرد بە بیرکردنەوە لەوەی کە پێشتر کەس چوارجار لەسەریەک پرێمەرلیگ بەدەستنەهێناوە، بۆچی ئێمە هەوڵی بۆ نەدەین؟ ئێستا هەستدەکەم شتەکە کۆتاییهات، دوای ئەوە چییە؟ ئێستا نایزانم، ئەوەی دەزانم جامی یەکێتی ئینگلتەرا هەیە، گاری لینکەر پێیگوتم، دەنا من ئەوەم نەدەزانی کە پێشتر هیچ یانەیەک نەبووە دوو وەرز لەسەریەک پرێمەرلیگ و جامی ئینگلتەرا بباتەوە، ئەوان رکابەری ئێمەن، بەڵام دەمەوێت یاریزانەکانم چێژ لەم دوو سێ رۆژە وەربگرن و دوای ئەوەش دوو رۆژمان لەبەردەمە بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ یاریی جامی ئینگلتەرا، بەڵام بۆ وەرزی داهاتوو بەتەواوی نازانم دەتوانین پارێزگاری بکەین یان نا."
 
پرسیاری ئەوە لە گواردیۆلا کرا، مانچێستەر سیتی وەکو باشترین یانەی مێژووی ئینگلتەرا لە بیرکردنەوەدا دەمێنێتەوە؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی "بۆ هاندەرانی لیڤەرپوول و تیپەکە، لە شانکلی و پیسلی و سەرجەم یاریزانەکانەوە، ئایان راش، وگرایم سونیس و هەموو ئەوانەی دیکە، بۆ ئەوان هەمیشە لیڤەرپوول باشترین تیپە. لە سێر ئەلێکس فێرگسۆنەوە و لە سەردەمی ئەودا لەگەڵ ریۆ فێردیناند، گاری نیڤێل، رۆی کین، پۆڵ سکۆڵز، ریان گیگز، دەیڤد بێکهام، ئاندی کۆل، مایکل کاریک و هەموو ئەوانەی دیکە، بۆ ئەوان هەمیشە مانچێستەر یونایتد باشترین تیپە."

 
من دڵنیام ئێمەش بەو قۆناخەدا تێدەپەڕین، ئێستا هەستەکان هەستن، تۆ وەکو هاندەری تیپ هەمیشە تیپەکەت پێ باشترینە، بەڵام لەرووی ئامارەوە، کەس لە ئێمە باشتر نەبووە، لەرووی گۆڵکردن، بەدەستهێنانی خاڵ و بردنەوەی چوار نازناوی لەسەریەک، ئەگەر ئەو کاتەی هاتمە ئێرە بە هاوڕێکانم گوتبا لە 7 ساڵدا 6 جار پرێمەرلیگ دەبەینەوە، پێیاندەگوتم، تۆ شێتیت؟ تێگەیشتنی ئەمە زۆر قورسە و مەحاڵە، بەڵام ئێمە کارێکی بڕواپێنەکراومان ئەنجامدا، 6 نازناوی پرێمەرلیگمان لە 7 ساڵدا بەدەستهێنا."

 

لەبارەی رۆیشتنی یۆرگن کڵۆپ، لە لیڤەرپوول و پرێمەرلیگ، پێپ گواردیۆلا بە رۆژنامەڤانانی گوت "یۆرگن بەشێکی گرنگی ژیانی من بوو، ئەو منی بردە ئاستێکی دیکە وەکو راهێنەر، لە راستیدا ئێمە زۆر رێز لە یەکدی دەگرین، هەستدەکەم دەگەڕێتەوە، دەمەوێت سوپاسی بکەم بۆ قسەکانی لەبارەی منەوە، بەڵام ئەویش دەزانێت لە پشت پەردەوە لە یانەکە زۆر شتم پێشکێشدەکرێت کە ئەگەر ئەوە نەبووایە نەمدەتوانی سەرکەوتوو بم، رکابەرێکی گەورە بوو لە کاروانی مندا، زۆرجار نەمدەتوانی رێگەی بردنەوە لێی بدۆزمەوە وەکو ئەوەی بەرامبەر یانەکانی دیکە دەمکرد، بەرامبەر ئەو زۆر زەحمەت بوو، دڵنیام میکێل ئارتێتاش بەردەوامدەبێت و درێژە بە میراتەکەی دەدات بۆ ئەوەی ئێمە بباتە ئاستێکی دیکە، من یاریی کۆتایی کڵۆپم لە لیڤەرپوول نەبینی، بەڵام هیوادارم یاریی کۆتایی نایاب بووبێت، کە شایستەی ئەوەیە و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم."

 
پێپ هێشتا لەبارەی کڵۆپەوە قسەیکرد و گوتی "کڵۆپ لیڤەرپوولی کردە رکابەرێکی بەهێز بۆ بردنەوەی نازناوەکان، سەیری شێوازەکەی بکە، بڕواپێنەکراوە، بڕواپێنەکراوە، ئەوە جێگەی شانازییە، هاندەرانی لیڤەرپوول دەبێت شانازیی پێوە بکەن، خەڵک دەڵێن ئێمە باشترینین بەهۆی بردنەوەی ژمارەی نازناوەکانەوە، ئەو کەمتەرخەمیی نەکردووە بۆ ئەمە، هەندێک کەسایەتی کە دەچنە شوێنێک بۆ هەمیشە دەمێننەوە، بەداخەوەم بۆ رۆیشتنی ئەو، بیل شانکلی، راهێنەری پێشووی لیڤەرپوول، بۆب پیسلی لە لیڤەرپوول لەبیرنەکراون، بەدڵناییەوە کڵۆپیش یەکێکە لەوانە.'
 
یانەی مانچێستەر سیتی لە دوایین 4 وەرزی رابردوودا لەسەریەک نازناوی خولی ئینگلتەرای بەدەستهێناوە، کە یەکەمجارە لە مێژووی تۆپی پێی وڵاتەکەدا، یانەیەک بتوانێت ئەو کارە بکات، لە دوایین 7 ساڵدا مان سیتی 6 جار نازناوی خولەکەی بردووەتەوە.