رێککەوتنی مۆرینیۆ و سانجێرمان لە دوا قۆناخدایە


رووداو دیجیتاڵ

جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی رۆمای ئیتاڵی، نزیکە لە وەرگرتنی پۆستی مەشقدانی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی.
 
میدیای ئیتاڵیا ئاشکرایانکردووە، مۆرینیۆ لە دوا هەنگاوەکانی رێکەوتندایە لەگەڵ یانە پاریسییەکە بۆ وەرگرتنی مەشقدانی.
 
رۆژنامەی 'لا ریپۆبلیکا'ی ئیتاڵی گوتوویەتی، لویس کامپۆس، راوێژکاری وەرزشیی سانجێرمان، ماوەی چەند مانگێکە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ جۆزێ مۆرینیۆی پۆرتوگالی، بۆ رازیکردنی لەپێناو مەشقدانی سانجێرمان لە وەرزی داهاتووەوە.
 
میدیاکان دەڵێن، کامپۆس ویستی زۆری بۆ دەستنیشانکردنی هاونیشتمانییە پۆرتوگالییەکەی هەیە لە مەشقدانی پاریس، لە کاتێکدا ئەو راهێنەرە سەرتۆپی لیستی ئەو راهێنەرانەیە کە یانەکە دەیەوێت لە شوێنی کریستۆف گالتێ، راهێنەری ئێستای یانەکە دەستنیشانیان بکات.
 
گرێبەستی مۆرینیۆ لەگەڵ رۆما، هاوینی 2024 کۆتایی دێت.
 
بەپێی میدیای ئیتاڵیای نزیک لە رۆما، مۆرینیۆ هەڵوێستی روونە لەبارەی بڕیاردان لە چارەنووسی و ئەو پێیوایە دەبێ ئەمساڵ نازناوی یۆرۆپالیگ لەگەڵ رۆمادا بباتەوە و پاشان هاوشێوەی ئەزموونەکانی پێشووی لە پۆرتۆ 2004 و ئینتەرمیلان 2010 لە یانەکە بڕوات و ئەزموونێکی نوێ تاقیبکاتەوە.
 
سپێشەڵ وەن، وەرزی رابردوو پێشەوایەتی رۆمای کرد بۆ بەدەستهێنانی یەکەم نازناوی ئەوروپی لە مێژووی خۆیدا، پاشئەوەی نازناوی کۆنفرانسلیگی لەگەڵ یانەکەدا بەدەستهێنا. ئەمساڵیش لە یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگە و بڕیارە بەرامبەر سێڤییای ئیسپانی یاریی کۆتایی ئەنجام بدات.
 
میدیاکان دەڵێن، نەوەت خولەکی یاری کۆتایی یۆرۆپالیگ، کۆتا ماوەیەی لە نێوان مۆرینیۆ و سانجێرماندا.
 
پێشتر چەندین سەرچاوە باسیان لەوەکردبوو کە کارگێڕیی سانجێرمان بڕیاری خۆی یەکلاکردووەتەوە بەوەی هاوینی ئەمساڵ گالتێ لە مەشقدانی یانەکە دووربخاتەوە و چاوەڕێ نەکات تاوەکو لە هاوینی داهاتوودا گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە کۆتایی بێت.
 
ئەم هەواڵانە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی رابردوودا مۆرینیۆ لەبارەی مەشقدانی سانجێرمانەوە گوتبووی، "ئەگەر سانجێرمان پەیوەندیم پێوە بکەن، ناتوانن بمدۆزنەوە، چونکە من وەڵامی پەیوەندییەکانیان نادەمەوە".