گێچەڵی سێکسی هەڕەشە لە بەشداریکردنی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق لە مۆندیال دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

بەگوێرەی میدیای ئەرجەنتین، یاریزانێکی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق، لە ئەرجەنتین گێچەڵی سێکسی بە خانمە کارمەندێکی هۆتێلک کردووە و بەهۆیەوە لەوانەیە هەڵبژاردەکە سزا بدرێت. بەرپرسی راگەیاندنی شاندی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق، لە ئەرجەنتینەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "رێگەمان پێنەدراوە لێدوان بۆ کەس بدەین، بەتایبەتی لەبارەی ئەو بابەتەوە".
 
چەند کاژێرێک پێش دەستپێکردنی مۆندیالی تۆپی پێی لاوانی خوار 20 ساڵان، لە ئەرجەنتین، رووداوێک روویدا کە هەڕەشەی دوورخستنەوە لە هەڵبژاردەی عێراق دەکات، کە لەگەڵ تیپەکانی 23 وڵات بەشداری پاڵەوانێتییەکە دەکات.
 
بەگوێرەی میدیاکانی ئەرجەنتین، یەکێک لە یاریزانەکانی هەڵبژاردەی عێراق، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو گێچەڵی سێکسی بە خانمە کارمەندێکی چێشتخانەیەک کردووە، کە دەکەوێتە نهۆمی سەرەوەی ئەو هۆتێلەی شاندی عێراق تێیدا دەمێنێتەوە. هۆتێڵەکە ناوی دازلێرە لە شاری لاپلاتا.
 
ئەو خانمە کارمەندە باس لەوە دەکات کە یاریزانە عێراقییەکە ناچاری کردووە دەست لە شوێنە قەدەخەکراوەکانی جەستەی بدات، بۆیە بەرەنگاری بووەتەوە و دەستیکردووە بە هاوارکردن بۆ ئەوەی بەهانایەوە بچن.
 
وەک سەرچاوەکانی هەواڵ لە ئەرجەنتینەوە باسی دەکەن، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەلایەن بەرپرسانی فیفا و بەڕێوەبەرانی هۆتێلەکەوە و بەرپرسانی هەڵبژاردەی عێراق، بە ئامادەبوونی وەرگێڕێک ئەنجامدراوە و بڕیاریدراوە ناوی یاریزانەکە ئاشکرا نەکرێت، و ئەوەی روویداوە بە هەڵەی کەسیی یاریزانەکە هەژمار بکرێت، لە کاتێکدا قوربانییەکە هیچ تۆمەتێکی نەخستووەتە پاڵ یاریزانەکە.
 
شاندی عێراقی ئەو هەواڵەی رەتدەکاتەوە و لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، رایدەگەینێت "هەموو ئەم هەواڵ و دەنگۆیانەی لەلایەن بەشێک لە ماڵپەڕە ئەرجەنتینیەکانەوە بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە روودانی کێشە لە شوێنی نیشتەجێبوونی هەڵبژاردەی لاوانمان لە بوینس ئایرسی پایتەخت ناڕاست و نا دروستن". هەروەها تێیدا هاتووە "شتەکان باشن، و هیچ شتێک نییە ئارامی شاندەکە تێکبدات".
 
تۆڕی میدیای رووداو، لەو بارەیەوە پەیوەندی، بە قەحتان مالکی، بەرپرسی راگەیاندنی شاندی هەڵبژاردەی لاوانی عێراقەوە کرد، بەڵام ئەو لە ئەرجەنتینەوە ئامادە نەبوو لەبارەی ئەو پرسەوە قسە بکات و گوتی "رێگەمان پێنەدراوە لێدوان بۆ کەس بدەین، بەتایبەتی لەبارەی ئەو بابەتەوە، چونکە بەیاننامەی فەرمیمان بڵاوکردووەتەوە و دواتریش ڤیدیۆیەک بڵاودەکەینەوە، کە تێیدا بەڕێوەبەری کارگێڕیی شاندەکەمان باس لەو بابەتە دەکات".
 
رۆژنامەی ئێل دیا، کە لە لاپلاتا دەردەچێت، ئەو شارەی 18 یاریی پاڵەوانێتییەکە تێیدا بەڕێوەدەچن، لەنێویاندا قۆناخی پێشکۆتایی و یاریی کۆتایی لە 11ـی حوزەیران، رەخنەی لە بەرپرسانی پاڵەوانێتییەکە گرتووە، بەهۆی ئەوەی کە کێشەکەیان بەشێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەرکردووە، بۆیە راپۆرتێکی لەسەر هەڵبژاردەی عێراق، کە شاندەکەی لە 48 کەس پێکهاتووە بڵاوکردووەتەوە. 
 
رۆژنامەکە بۆ ئامادەکردنی راپۆرتەکەی، زانیاری لە پۆلیس وەرگرتووە، کە تێیدا تۆمەتی ئەوە خراوەتەڕوو کە ئەندامانی شاندەکەی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق، لە رێڕەوەکانی هۆتێلەکە و نزیک لە شوێنی پێشوازی بە جلی ژێرەوە دەرکەوتوون، و بەئەنقەست سیستمی زەنگی ئاگرکوژێنەوەیان داگیرساندووە.
 
ئەو رۆژنامەیە لە راپۆرتەکەیدا، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە هۆشداری بە سەرۆکی شاندەکە دراوە. هەروەها دامیان دۆبێلێت، لە یەکێتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین، کە بەرپرسی رێکخستنی مۆندیالەکەیە، بە هەواڵەکەی زانیوە و داوای راپۆرتێکی دیکەی کردووە.
 
بە جل و بەرگی گەشتەوە خەوتوون
 
ماڵپەڕی رادیۆی Continentalـی ئەرجەنتینی، ئەم زانیارییەی لە رۆژنامەکەوە هێناوەتەوە، و زانیارییەکی نوێی بۆ زیادکردووە، کە باسی لەوە کردووە کە سانتیاگۆ تەنگیر، بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە وەزارەتی ئاساییش لە بوینس ئایرس، پەیوەندی بە پۆلیسەوە کردووە بۆ ئەوەی ئاگاداریان بکاتەوە کە ئەفسەرێکیان راسپاردووە بۆ ئەوەی بەتایبەت بەرپرسیار بێت لە ئاسایشی شاندی عێراقی، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هۆکار و جۆری بەرپرسیارێتی ئەمنی بکات.
 
هەڵبژاردەی لاوانی عێراق، لە گەشتەکەیدا بۆ ئەرجەنتین تووشی کێشەی دیکەش بووە، کە بەرەبەیانی چوارشەممەی رابردوو دوای 25 کاژێر لە گەشتکردن گەیشتنە ئەرجەنتین، بۆ ئەوەی لە کۆمەڵەی چوار، لەگەڵ هەڵبژاردەکانی ئۆرۆگوای، ئینگلتەرا و تونس یاری بکەن، بەڵام لە کاتی گەیشتنیان جانتاکانیان لە فڕۆکەخانەی نەدۆزییەوە. هەروەها لە رووی پێداویستییەکانیان و جلوبەرگی مەشق و یاریکردنیشەوە تووشی کێشە بوون، بۆیە ناچاربوونە بە جلی گەشتەکەوە بخەون.