گواردیۆلا جارێکی دیکە باسی ریال مەدرید دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، جارێکی دیکە پەسنی ریال مەدرید دا و دووپاتیکردەوە کە بردنەوە لە ریال مەدرید وا دەکات یاریزانەکانی متمانەی زیاتریان بەخۆیان بێت، دەشڵێت "ئێستا گەیشتوونەتە قۆناخە قورسەکە".
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا، جارێکی دیکە پرسیاریان لەبارەی ریال مەدریدەوە لە پێپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی کردەوە و ئەویش جارێکی دیکە پەسنی ئەوە یانەیەی دا.
 
گواردیۆلا، گوتی "سەبارەت بە بردنەوە لە ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ؟ ئێمە لەم وەرزەدا زۆرجار ئەوەمان کردووە، بەڵام ناتوانین نکۆلی لەوە بکەین کە ئەو سەرکەوتنە لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا زۆر دڵخۆشی کردووین، بەتایبەت کە لە باشترین تیپی ئەم پاڵەوانێتییە لە ساڵانی رابردوودا بردوومانەتەوە".
 
ئەو زیاتر لەبارەی ریال مەدریدەوە گوتی "ریال مەدرید لە ماوەی 13 ساڵدا 11 جار گەیشتووەتە قۆناخی پێش کۆتایی و 5 نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە. نازانم لە حەوت هەشت ساڵی رابردوو ژمارەکە چەندە؟ من بە وردی نازانم. کەواتە ئەنجامدانی ئەو کارە لە دژی ئەوان، بێگومان متمانە و دڵنەوایی زۆرمان پێدەبەخشێت".
 
راهێنەری مان سیتی، لە کۆتاییدا، گوتیشی "بێگومان دڵخۆشین کە دەتوانین یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بکەین. بەڵام گەشتەکە بێ وەستانە، بۆیە لە کۆتاییدا لە سەختترین شت نزیک دەبینەوە. هەموو یاریزانانی تێنس دەڵێن کە دوایین سێرف بۆ بردنەوەی ویمبڵدۆن قورسترینە".