هەڵبژاردەی بالەی عێراق دەچێتە جەزائیر
رووداو هەولێر
فیدراسیۆنی بالەی عێراق، بەشێوەیەکی فەرمی بڕیاریدا هەڵبژاردەی یەکەمی بالەی عێراق بەشداری یارییەکانی خولی عەرەبی لە جەزائیر بکات.
خالید ساڵح، ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی بالەی عێراقی پێدراوە، ئەم راهێنەرەش ناوی 21 یاریزانی پێشکەشی فیدراسیۆنی بالەی عێراق کردووە، بڕیارە یەکەم کەمپی راهێنانی هەڵبژاردەی عێراق سبەی یەکشەممە لە دەربەندیخان دەستپێبکات، دواتر تیپەکە ئامادەکارییەکانی دەباتە ئێران و لەوێ چەند یارییەکی دۆستانەش ئەنجام دەدات.
عەباس هیندی، بەرپرسی ژووری راگەیاندنی فیدراسیۆنی بالەی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیای رووداو، رایگەیاند "بێگومان راهێنەرمان کەسێکی ئەزمووندارە و ساڵانێکی زۆر راهێنەرایەتی هەڵبژاردە و یانە گەورەکانی عێراقی کردووە، یاریزانەکانیش لەسەر بنەمای ئاستبەرزی و تواناکانیان لە وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی عێراق دەستنیشانکردووە".
پێکهاتەی یاریزانانی هەڵبژاردەی یەکەمی بالەی عێراق بریتین لە: ئەسیل جەمیل، مستەفا حەمید، عەلی تەها، عومەر عەلی، سەیف حوسێن، عەلی ساحب، حەسەن حەیدەر، کەریم هادی، مستەفا بەشار، مونزر خەلدون، عەباس ریاز، عەبدوڵڵا کەریم، ئیبراهیم مزەفەر، ئیسلام ساجت، محەممەد مەحموود، ئوسامە مونیف، مونتەزر محەممەد، حوسێن نەمیر، رابەر محەممەد، ئەحمەد حەیدەر، محەممەد رەشید فلێفل.
لەنێو پێکهاتەی هەڵبژاردەی بالەی عێراقدا 5 یاریزانی کوردن هەن، کە بریتین لە عەلی تەها، محەممەد مەحموود، رابەر محەممەد، ئیبراهیم مزەفەر لەگەڵ عەبدوڵڵا کەریم.
عەلی تەها، یاریزانی کوردی هەڵبژاردەی عێراق، لەبارەی دەستنیشانکردنیان بۆ تیپەکە بۆ رووداوی روونکردەوە "جێگای خۆشحاڵیمانە جارێکی دیکە لە تیپەکەداین و دەمانەوێت بەباشترین شێوە راهێنانەکانمان بکەین بۆ یارییەکانی خولی عەرەبی".
بڕیارە یارییەکانی خولی وڵاتانی عەرەبی مانگی 7ـی ئەمساڵ لە جەزائیر بەڕێوەبچن، فیدراسیۆنی بالەی عێراق بە تیپی کوڕان و کچان بەشداری دەکات.