ڤیدیۆ؛ ریال مەدرید کلاسیکۆی بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید کلاسیکۆی باسکەی ئەوروپای لە یانەی بارسێلۆنای رکابەری بردەوە و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی.
 
لە قۆناخی پێشکۆتایی رکابەرییەکانی خولی باسکەی یانەکانی ئەوروپا، کە بە یۆرۆلیگ ناسراوە، هەردوو یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە یاریی کلاسیکۆدا رووبەڕووی یەکبوونەوە و ریال مەدرید یارییەکەی بە 78 خاڵ بەرامبەر 66 خاڵ بردەوە و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی خولەکە.
 
لە چارەکی یەکەمدا ئاستی هەردوو یانە لەیەکەوە نزیکبوو و 18 بە 18 سەرەتای یارییەکە تەواو بوو.
 
لە چارەکی دووەمدا بارسێلۆنا باشتر دەرکەوت و توانیی بە 24 خاڵ بەرامبەر 18 خاڵ ئەو چارەکە لەبەرژەوەندیی خۆی تەواوبکات، بەڵام ریال مەدرید لە هەردوو چارەکی سێیەم و چوارەمدا باشتر یارییکرد و توانیی بە جیاوازیی 12 خاڵ یارییەکە تەواوبکات و بگاتە یاریی کۆتایی یۆرۆلیگ.
 
لە یاریی کۆتاییدا ریال مەدرید رۆژی یەکشەممە کاژێر 20:00 بەرامبەر یانەی ئۆڵیمپیاکۆسی یۆنانی یارییدەکات، بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە.