ئەردۆغان بەهۆی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ هێرش دەکاتە سەر یۆفا

20-05-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن رەجەب تەیب ئەردۆغان یۆفا
A+ A-

رووداو دیجیتال

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دووپاتیکردەوە کە گواستنەوەی یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا لە ئیستەنبووڵەوە بە پاساوی مەترسی کۆرونا بریارێکی سیاسییە.

بڕیاربوو یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەبچێت، بەڵام یۆفا رۆژی پێنجشەممەی رابردوو رایگەیاند کە یارییەکەی لە ئیستەنبووڵ ناکرێت و لەجیاتی ئەو یاریگەی دراگاو لە شاری پۆرتۆی پۆرتوگالی میوانداریی دەکات، کە بڕیارە رۆژی 29ـی ئەم مانگە لەنێوان هەردوو یانەی ئینگلیزی، مانچێستەر سیتی و چێڵسی ئینگلیزی ئەنجام بدرێت.

ئەردۆغان، لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا باسی ئەوەی کرد، کە ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات کە دوو یانەییئینگلیزی توانیان بگەنە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، ئەردۆغان گوتی "بە بۆچوونی من بریارێکی سیاسیان دا، چونکە دوو ساڵ پێش ئێستا بە ئێمەیان گوتووە میوانداریی یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکان بکەن".

سەرۆککۆماری تورکیا، هەروەها گوتی "سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا فشاری کرد بۆیە فایناڵی چامپیۆنزلیگ لە ئیستەنبووڵ نەکرات".

یوفا بۆ ئەو بڕیاردانەی پاساو بەوە دێنێتەوە کە دەیویست رێگە بە ژمارەیەک لە هاندەران بدات بە سەلامەتی لە وڵاتانی دیکەوە گەشت بکەن بۆ ئامادەبوون لە یاریی کۆتایی ، بە لەبەرچاوگرتنی رێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

هۆکاری سەرەکی گواستنەوەی یارییەکە لە ئیستەنبووڵەوە بۆ پۆرتوگال، دۆخی تەندروستی تورکیا بوو بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە لە کۆتایی هەفتەدا قەدەخەی هاتوچۆی سنووردار لە وڵاتدا، کە تورکیا ژمارەیەک شوێنی گشتی داخستووە و کاتی کارکردنی چێشتخانە و کافتریاکانی دیاریکردووە.

بڕیاربوو یارییەکە لە یاریگەی ئەتاتۆرک لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەبچێت، بەڵام بەریتانیا وڵاتی تورکیای خستە لیستی سووری کۆرۆناوە، ئەمەش رێگربوو لەوەی هاندەرانی هەردوو یانە ئینگلیزییەکە بتوانن گەشتی تورکیا بکەن، لەبەرئەوە گواستنەوەی یارییەکە بۆ پۆرتۆ هەلێک بە هاندەرانی ئینگلیز دەدات بۆ ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا ئامادەبن، ئەگەرچی تێچوونێکی زیاتر و هەوڵدانێکی زیاتریان پێویستە لەوەی یارییەکە لە وێمبلی بکرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە