یوفا موژدەی گەورەی پێیە

رووداو - هەولێر

ئەلێکساندەر چێفرین، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا، موژدەیەکی خۆشی بە هەوادارانی تۆپی پیی ئەوروپا راگەیاند و دووپاتیکردەوە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا هاندەران دەگەڕێنەوە نێو یاریگەکانی تۆپی پێ.

سەرۆکی یوفا، دووپاتیکردەوە کە سەرەڕای کۆتایی نەهاتنی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، یاری تۆپی پێ لە داهاتوویەکی نزیکدا بە ئامادەبوونی جەماوەرەوە دەگەڕێتەوە. 

لەدوای وەستانی سەرجەم خول و چالاکییە وەرزشییەکان لە ئاداری رابردووەوە، بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، تاوەکو ئێستا خولی ئەڵمانیا تاکە خولە لەنێو سەرجەم خولە گەورەکانی تۆپی پێی ئەوروپادا، کە دەستی بە یارییەکانی کردووەتەوە، بەڵام سەرجەم یارییەکان بەبێ ئامادەبوونی جەماوەر بەڕێوەدەچن.

ئەلێکساندەر چێفرین، لە تازەترین لێدوانیدا، گوتی "بارودۆخەکە سەبارەت بە یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا جێگەی نیگەرانی نییە، ئێمە لە دۆخێکی مەترسیداردا نین، ئێمە هێشتا بایەخ بە یانە و پاڵەوانێتی و خاوەن بەرژەوەندییەکان دەدەین، بۆیە کارێکی زۆرمان لەپێشە".

کاتێکیش لێیان پرسی، دەتوانی بە ملیۆن یۆرۆ گرەو لەسەر ئەوە بکەی کە پاڵەوانێتی یۆرۆی 2020 لە ساڵی 2021 ئەنجام دەدرێت؟ چێفرین گوتی "بەڵێ دەتوانم بە ملیۆن یۆرۆ گرەو لەسەر ئەوە بکەم، پێموانییە ئەم ڤایرۆسە بۆ هەتا هەتایە بمێنێتەوە، دڵنیام بارودۆخەکە لە داهاتوویەکی نزیکتر لەوەی پێشبینی بۆ دەکرێت گۆڕانکاری بەسەردادێت، بەشێوەیەکی گشتی من کەسێکی گەشبینم".

سەرۆکی یوفا لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "ئێمە ئامادەین و پابەند دەبین بە رێنماییەکانەوە، بەڵام لەوە دڵنیام کە لە داهاتوویەکی نزیکدا هاندەران دەگەڕێنەوە نێو یاریگەکانی تۆپی پێ".

ئەلێکساندەر چێفرین، لە کۆتایی لێدوانەکەیدا گوتی "پێموانییە هەموو شتێک بۆ هەتا هەتایە گۆڕانی بەسەردا دێت، ئەمە ئەزموونێکی نوێیە و کاتێک لەم ڤایرۆسە نەفرەتییە رزگارمان بوو، هەموو شتێک دەگەڕێتەوە دۆخی سروشتی خۆی". 

ئەو هەروەها گوتیشی "تۆپی پێ لەدوای جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم نەگۆڕا، بۆیە لە دوای کۆرۆناش ناگۆڕێت، زۆر کەس دەڵێن جیهان لەدوای کۆرۆنا وەک خۆی نامێنێتەوە، باشە با ئەوە راست بێت، بەڵام بۆ پێمانوانەبێت کە جیهان لەدوای کۆرۆنا دەبێتە جیهانێکی باشتر، بۆ وانەزانین کە مرۆڤ لەدوای ڤایرۆسی کۆرۆنا عاقڵتر دەبێت".