تێنسی رۆما پێی نایە قۆناخی هەشت

رووداو -هه‌ولێر 

تێنسی رۆما تا دێت لە کۆتایی نزیکدەبێتەوە و ئەمجارەش بە ئەنجامدانی چەند یارییەک، پاڵەوانێتییەکە پێی نایە قۆناخی هەشت.

لە یاری یەکەمدا نۆڤاک جۆکۆڤیچی هەڵگری چوار نازناوی پاڵەوانێتییەکە رووبەڕووی رۆبێرتۆ ئاگۆتی ئیسپانی بووەوە و یارییەکەی بە دوو کۆمەڵەی بێبەرامبەر لێبردەوە، ئەنجامی کۆمەڵەکانیش شەش چوار و شەش چوار بوون.

لە یارییەکی دیکەدا، خوان مارتن دێل پۆترۆ بە هەمان ئەنجام و بە دوو کۆمەڵەی بێبەرامبەر لە ژی نیشیکۆری ژاپۆنی بردەوە و بووە خاوەنی بلیتێکی قۆناخی هەشت، ئەنجامی کۆمەڵەکانیشی حەوت شەش و شەش سێ بوون.

لە قۆناخی داهاتووشدا جۆکۆ و دێل پۆترۆ گرەوی بردنەوەی قۆناخی پێشکۆتایی دەکەن.

لە درێژەی یارییەکاندا، رافایل نادالی ئیسپانی و پاشای یاریگا گڵینییەکان، بەرامبەر جاک سوکی ئەمریکی دەرکەوت و وەک هەمیشە ماتادۆرە ئیسپانییەکە بە ئاسانی و بە دوو کۆمەڵەی بێوەڵام بردنەوەی 17مینی بەدەستهێنا، ئەنجامی کۆمەڵەکانیشی شەش سێ و شەش چوار بوون.

رکابەری نادال لە قۆناخی داهاتوودا دۆمەنیک سیمی نەمسایی دەبێت، کە ئەویش لەم قۆناخەدا بە دوو کۆمەڵە بەرامبەر بە کۆمەڵەیەک لە سام کوێری ئەمریکی بردەوە، ئەنجامی کۆمەڵەکانیش سێ شەش، شەش سێ و حەوت شەش بوون.