ڤیدیۆ؛ پاڵەوانێتییەکی باسکەی خانمان لە رۆژئاڤای کوردستان بەڕێوەچوو

 
رووداو دیجیتاڵ

لە رۆژئاڤای کوردستان پاڵەوانێتییەکی یاریی باسکە بۆ خانمان ئەنجامدرا و تیپی ئاسایش نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێنا.
 
لە شاری عامودای رۆژئاڤای کوردستان، پاڵەوانێتییەکی یاریی باسکە لەسەر ئاستی خانمان بەڕێوەچوو، 5 تیپ لە شارە جیاوازەکان بەشدارییان لە پاڵەوانێتییەکەدا کرد و ماوەی یەک رۆژ بەردەوامبوو.
 
لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا، هەردوو یانەی ئاسایش و بەرخۆدان رووبەڕووی یەکبوونەوە، دوای رکابەرییەکی زۆری نێوان هەردوو تیپ یانەی ئاسایش نازناوەکەی لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلاکردەوە.
 
یەکێک لە سەرپەرشتیارانی پاڵەوانێتییەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئامانج لە رێکخستنی پاڵەوانێتییەکە برەودانە بە وەرزشی خانمان لە رۆژئاڤای کوردستان، لەکاتێکدا وەرزشەکە لەسەر ئاستی سووریا بەگشتی نوێیە و کاردەکەین بۆ ئەوەی زیاتر باسکەی خانمان بەرەوپێشەوە ببەین."
 
پاڵەوانێتییەکە لەلایەن دەزگای ئارتا و بەهاوبەشی لەگەڵ یەکێتیی وەرزشی رۆژئاڤای کوردستان رێکخراوە.
 
یاریزانە کوردەکان ئامانجیان ئەوەیە لە رێگەی ئەم پاڵەوانێتییە و پاڵەوانێتییەکانی دیکەی هاوشێوە، ئاستی خۆیان پێشبخەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بۆ هەڵبژاردەی باسکەی خانمانی سووریا بانگهێشتبکرێن، بەتایبەت کە رۆژئاڤای کوردستان بەگشتی لە رووی باسکەی خانمانەوە لە ئاستێکی زۆرباشدایە.