رووداو دوایین زانیاری لەبارەی یانەی هەولێرەوە ئاشکرا دەکات

20-04-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی هەولێر لە دۆخێکی دارایی خراپدا تێدەپەڕێت، یانەکە بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت و یاریزانەکانیشی بەبێ وەرگرتنی مووچەکانیان دەگەڕێنەوە نێو مەشق و راهێنانەکان.
 
لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، یاریزانانی یانەی هەولێر بەهۆی ئەوەی ماوەی نزیکەی سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، بایکۆتی مەشق و راهێنانەکانیان کرد، لەکاتێکدا رۆژی یەکشەممە بەرامبەر یانەی شورتە یاریی دەکەن.
 
بایکۆتکردنی مەشق و راهێنانەکان لەلایەن یاریزانانی یانەی هەولێرەوە کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و بەو هۆیەوە، قەحتان جسیر، کە ئەم هەفتەیە سەرپەرشتی بەشێکی مەشقەکانی یانەکەی کردبوو بڕیارییدا بگەڕێتەوە بەغدا و بە یانەکەی راگەیاندووە ناتوانێت بەمشێوەیە یانەکە وەربگرێت.
 
شەوی رابردوو بڕیاربوو یاریزانانی یانەی هەولێر کاژێر 20:30 مەشق و راهێنانەکانیان ئەنجامبدەن، بەڵام هیچ یەکێک لە یاریزانەکان نەچووە یاریگە و راهێنانەکان ئەنجامنەدران.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کارگێڕیی یانەی هەولێر پەیوەندیی بە سەمیر بابۆ، راهێنەری یانەی پێشمەرگەی هەولێرەوە کردووە، بۆ ئەوەی پۆستی راهێنەرایەتیی یانەکە وەربگرێت، بەڵام بابۆ چەند مەرجێکی بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتیی یانەکە هەیە، کە زەحمەتە ئەو مەرجانە لەلایەن یانەکەوە جێبەجێبکرێن، بەو هۆیەشەوە ئەگەری هەیە سەمیر بابۆ بە وەرگرتنی راهێنەرایەتیی یانەکە رازی نەبێت.
 
محەممەد خۆشناو، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەوڵەکان بۆ چارەسەکردنی دۆخی یانەکە بەردەوامن و ئەگەری هەیە دوای یارییەکەی بەرامبەر یانەی شورتە دوو مووچە بۆ یاریزانەکان دابینبکرێت و رێکارەکانیش دەستیانپێکردووە.
 
خۆشناو زیاتر گوتی "یاریزانەکان ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە نێو مەشق و راهێنانەکان و ئامادەکارییان بۆ یارییەکەی بەرامبەر شورتە دەستپێدەکەنەوە."
 
لەبارەی ئەوەی کێ دەبێتە راهێنەری یانەکە؟ محەممەد خۆشناو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هەوڵدەدەین قەحتان جسیر رازیبکەین بگەڕێتەوە بۆ مەشقدانەوە بە تیپەکە، بەتایبەت کە ئەم هەفتەیە خۆی سەرپەرشتی مەشقەکانی یانەکەی کردووە و بۆ ئەوەش هەوڵەکانمان دەستپێکردووە."
 
لە ئەگەری نەگەڕانەوەی قەحتان جسیر، عەبدولقادر حوسێن، یاریدەدەری راهێنەری یانەکە لە یاریی بەرامبەر شورتە راهێنەرایەتیی یانەی هەولێر دەکات، دوای ئەوە کارگێڕیی یانەکە بیر لە راهێنەرێکی دیکە دەکاتەوە.
 
شەوی یەکشەممە کاژێر 20:30 لەسەر یاریگەی فرانسۆ هەریری، یانەی هەولێر لە رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق میوانداریی یانەی شورتە دەکات، یانەی شورتە شەوی هەینی یەکەم یەکەی مەشقیی بۆ یارییەکە ئەنجامدا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە