هاندەرانی بارسێلۆنا بۆ کانسێلۆ: هیوادارین کچەکەت بمرێت

رووداو دیجیتاڵ

جواو کانسێلۆ، یاریزانی پۆرتوگالی یانەی بارسێلۆنا، ناڕەزایی خۆی لە هێرشەکانی هاندەرانی کەتەلۆنی بۆ سەرخۆی دەربڕی، دوای ئەوەی لە قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر پاریس سانجێرمان دۆڕان و لە پاڵەوانێتییەکە دەرکران.
 
کانسێلۆ، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی جیهانی ESPN، گوتی "لە ئینستاگرام کۆمێنت هەیە کە هیوای مردن بۆ کچە لەدایک نەبووەکەم دەخوازێت، کەس ناتوانێت ئەمە لە بەرامبەر مندا بڵێت، بەڵام لە کۆمێنتەکاندا ئەوەی دەیانەوێت دەنووسن".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، هاوبەشی ژیانم و کچە لەدایک نەبووەکەم دەستدرێژییان کراوەتە سەر، جیهانێکی دڕندەیە و دەبێت بزانیت چۆن لەگەڵیدا بژیت، بەڵام ئیدی نازانم چی بڵێم.
 
لە درێژەی قسەکانیدا، یاریزانە پۆرتوگالییەکە، گوتی "هیواخواستن بۆ مردنی منداڵ بەڕاستی مەترسیدارە، ئەوان بیر لەو کەسە ناکەنەوە کە لە تیڤیدا دەیبینن، ئێمەش مرۆڤین".
 
سەبارەت بە رەخنەکانی ریۆ فێردیناندی بەرگریکاری پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتد، کە ئاراستەی خۆی کران. کانسێلۆ بە گاڵتەجاڕ و بێهەڵوێست وەسفی کرد، وەک ئەوەی یاریزانێکی بێئەزموون بێت، و گوتی "یاریزانێکی نایاب بوو، بەڵام دڵنیام هەڵەشی کردووە، هەموومان هەڵە دەکەین. ئێستا پیشەی ئەو شرۆڤەکارییە و مافی خۆیەتی ئەوەی دەیەوێت بیڵێت".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆچوونەکەی قبوڵ دەکەم، لەوانەیە شێوازی هەژمارکردنی لێدانی سزا بەرامبەر ئێمە هەڵەیەکی منداڵانە بووبێت.
 
لە درێژەی قسەکانیدا، بەرگریکاری بارسا، گوتی "من بەوە بێزار نابم ئەگەر رەخنە لە ئاستی من بگرن، بەڵام رێگە نادەم باسی خێزانەکەم بکەم. بەڕاستی هەفتەیەکی سەخت بوو ئەگەر راستگۆبم، ئەو شەوە نەخەوتم، کاتێکیش خەوتم، هەر کاتێک نەبەینەوە بەزەحمەت دەخەوم".
 
لە کۆتاییدا، کانسێلۆ گوتی "من لەبری خۆم قسە دەکەم، یارییەکی سەیربوو، شێوازی دۆڕانمان رێگری لێکردم بخەوم، هەست دەکەم دەمانتوانی سەرکەوتن بەدەستبهێنین ئەگەر 11 بەرامبەر 11 یاریمان بکردایە".