لیڤاندۆڤسکی هەڕەشە لە ریال مەدرید دەکات

رووداو دیجیتاڵ

رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی پۆڵەندی، هێرشبەری یانەی بارسێلۆنا، دووپاتیکردەوە کە تیپەکەی ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەی ریال مەدرید لە کلاسیکۆی خولی تۆپی پێی ئیسپانیا و گوتی "دەتوانین لەنێو سانتیاگۆ بێرنابیۆدا لە ریال مەدرید ببەینەوە".
 
بارسێلۆنا ئێوارەی سبەی یەکشەممە لە قۆناخی دووەمی لالیگادا، لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەبێتە میوانی یانەی یال مەدرید، کە تا راددەیەکی زۆر رووبەڕووبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە دەبێت لە رکابەریی بۆ بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا.
 
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، لە لێدوانەکانیدا بۆ ئیلێڤن سپۆرت، باسی یارییەکەی کرد و گوتی "ئێل کلاسیکۆ هەمیشە یارییەکی تایبەتە، نەک تەنیا بۆ ئێمە، بەڵکو بۆ هەموو خەڵکی جیهان".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، ئەو گوتی "هیوادارم تۆپی پێی هێرشبەری پیشانی هاندەرانمان بدەین، ئامادەین بۆ بردنەوەی یارییەکە و بەدەستهێنانی سێ خاڵەکە".
 
لیڤا هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد "بارسێلۆنا ئەم یارییە دەباتەوە، چونکە دەبێت بەدەستی بهێنین و ئێمەش ئەوەمان دەوێت و دەیکەین".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، لەوانەیە تیپی ریال مەدرید دوای سەرکەوتنەکەی لە چامپیۆنزلیگ کەمێک پاشەکشە بکات لەڕووی دەروونییەوە، ئێمە تیپێکین بەباشی بەرامبەرمان دەناسین، دەزانین چۆن لێیان دەبەینەوە".
 
هێرشبەری بارسا روونیشی کردەوە "لە دوایین یاریی بەرامبەر پاریس سانجێرمان هەڵەمان کرد، دەزانین هەڵەکانمان چی بوون. ئەگەر ئەو هاڵانە بزانین دەبینە ئەو تیپە کە دەتوانین لەنێو سانتیاگۆ بێرنابیۆدا لە ریال مەدرید ببەینەوە".
 
یانەی شاهانە بە کۆکردنەوەی 78 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندیی خولەکەدایە و بە 8 خاڵ لە پێش بارسێلۆنای خاوەنی پلەی دووەمەوەیە.