یەکەم سکاڵای فەرمی لەسەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ تۆمارکرا


رووداو دیجیتاڵ

لە سعودیە، هەڵسوکەوتی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، پاش یاریی نێوان نەسڕ و هیلال، لە دروستکردنی کاردانەوە بەردەوامە، بەفەرمی سکاڵا لەسەر هەڵسوکەوتەکەی کریس تۆمارکرا.
 
ئەوەی رۆناڵدۆ لە دوای یارییەکە کردی، لای هاندەران بە سووکایەتی و کارێکی نەشیاوی دوور لە وەرزشی دانرا، هێرشی زۆر کرایە سەر رۆناڵدۆ و داوای سزادانی کرا. لە کاتێکدا سەرچاوە نزیکەکان لە یانەی نەسڕ رایانگەیاندووە، ئەو یانەیە پێیوایە کریس بەهۆی پێکان و هەستکردن بەئازارەوە  دەستی بۆ نێوان رانەکانی بردووە، نەک ویستبێتی سووکایەتی بە هاندەران بکات.
 
دکتۆر نەوف بن ئەحمەد، کە دکتۆرای لە یاسای نێودەوڵەتیدا هەیە، سکاڵایەکی لەسەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ داوەتە داواکاری گشتیی سعودیە، لە سکاڵاکەدا ئەوەی رۆناڵدۆ کردوویەتی بە 'هەڵسوکەوتی ئابڕووبەرانە' ناودەبات کە رۆناڵدۆ بەرامبەر هاندەرانی هیلال ئەنجامیداوە.
 
دکتۆر نەوف لە تویتەری خۆی رایگەیاندووە، "سکاڵاکەم بۆ داوکاری گشتی لە دژی رۆناڵدۆ بەرزکردەوە و لە پێشهاتەکانیش ئاگادارتان دەکەمەوە".
 
لە یارییەکەدا نەسڕ بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بە هیلال دۆڕا و بەوەش ئومێدی بەدەستهێنانی نازناوی خولی سعودیە لەلایەن ئەو یانەیەوە لاوازتر بوو.