ڤیدیۆ: فرایبورگ بۆ یەکەمجار لە مێژوودا گەیشتە یاریی کۆتایی جامی ئەڵمانیا

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی فرایبورگ بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا گەیشتە یاریی کۆتایی جامی ئەڵمانیا، دوای ئەوەی لە هامبۆرگی بردەوە.
 
فرایبۆرگ لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئەڵمانیادا، لەسەر یاریگەی ئیمتچ ئارێنا بووە میوانی یانەی هامبۆرگ، کە لە خولی یانە پلە دووەکانی ئەڵمانیا یاری دەکات و بە ئەنجامی 3-1 لێیبردەوە.
 
فرایبۆرگ لە نیوەی یەکەمدا گورزی خۆی لە تیپی خاوەن یاریگە وەشاند و سێ گۆڵی تۆمارکرد، کە سەرەتا نیلز پیترسن لە خولەکی 11 گۆڵی پێشکەوتنی بۆ تیپی میوان تۆمارکرد.
 
دوای تەنیا 6 خولەک نیکۆلاس هۆڤلێر گۆڵی دووەمی بۆ فرایبۆرگ تۆمارکرد، بەر لەوەی فینچێنزۆ گریڤۆ لە خولەکی 35 بە لێدانی سزا گۆڵی سێیەمیش تۆماربکات.
 
نیوەی دووەم بەبێ گۆڵ تاوەکو دوایین خولەکەکانی یارییەکە بەردەوام بوو، کە لە خولەکی 88 رۆبێرت گلاتزێل تاکە گۆڵی هامبۆرگی تۆمارکرد.
 
فرایبۆرگ، کە تاوەکو ئێستا هیچ نازناوێکی نەبردووەتەوە، رۆژی 21ـی مانگی داهاتوو لەسەر یاریگەی ئۆڵیمپی لە بەرلین یاریی کۆتایی جامی ئەڵمانیا ئەنجام دەدات، کە تێیدا رووبەڕووی براوەی یاریی نێوان لایپزیگ و یەنیەن بەرلین دەبێتەوە، کە ئەمشەو بەڕێوەدەچێت.