ڤیدیۆ؛ ئینتەرمیلان گەیشتە یاریی کۆتایی جامی ئیتاڵیا

20-04-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئینتەرمیلان میلان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە دێربیی میلانۆدا، ئینتەرمیلان رکابەرە هاوشارییەکەی تێکشکاند و بلیتێکی یاریی کۆتایی جامی ئیتاڵیای بەدەستهێنا.
 
ئینتەرمیلان لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئیتاڵیادا میوانداری میلانی کرد و لە هەموو روویێکەوە بەسەریدا زاڵ بوو، دەرئەنجام 3-0 لێیبردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی، بەو پێیەی هەردوو یانە لە یاریی چووندا بەبێ گۆڵ یەکسانبووبوون.
 
لاوتارۆ مارتینێزی هیرشبەری ئەرجەنتینی دوای چاکبوونەوە لە پێکانەکەی، زۆر بەهێز گەڕایەوە و هەر لە خولەکی 4 و لە یەکەم هێرشی نیراتزۆریدا تۆڕی گۆڵی میلانی هەژاند.
 
هەمان یاریزانی ئەرجەنتینی 4 خولەک پێش کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم گۆڵی دووەمی خۆی و یانەکەی تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی ئینتەرمیلان بە دوو گۆڵی بێوەڵام کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا پلان و گۆڕانکارییەکانی ستیفانۆ پیۆلی هیچ شتێکیان نەگۆڕی و میلانییەکان نەیانتوانی تۆڕی گۆڵی ئینتەرمیلان بهەژێنن، بەڵکو رۆبن گۆسینس لە خولەکی 82ـدا گۆڵی سێیەم و یەکلاکردنەوەی بۆ نیراتزۆری تۆمارکرد و گەیشتنە فایناڵ.
 
ئینتەرمیلان لە یاریی کۆتایی جامی ئیتاڵیادا، رووبەڕووی براوەی یاریی نێوان یوڤێنتوس و فیۆرێنتینا دەبێتەوە، کە ئەمشەو یارییەکە لەسەر یاریگەی ئەلیانز ستادیۆم لە تۆرینۆ بەڕێوەدەچێت، کە لە یاریی چووندا یوڤێنتوس بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە