رووداو دیجیتاڵ
لە یارییەکی بەهێز و سەرنجڕاکێش لە رکابەرییەکانی نەیشنسلیگدا، هەڵبژاردەی هۆڵەندا میوانداریی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەکات و هەردوولا رکابەری لەسەر گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی دەکەن.
یارییەکە کاژێر 22:45 لە رۆتێردام بەڕێوەدەچێت، هۆڵەندا دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت، بۆ ئەوەی لە یاریی چووندا ئەنجامێکی باشی هەبێت و بۆ یاریی گەڕانەوە ئەرکی ئاسان بکات.
پێکهاتەی رۆناڵد کۆمان بۆ یارییەکە ئامادەیە، سەرجەم یاریزانە بانگهێشتکراوەکان ئامادەن، تەنیا دێنێزل دومفرێس پێکانی هەیە و بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.
لە ساڵی 2014ـەوە ئەمە یەکەم یاریی فەرمییە لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەدا بکرێت، هۆڵەندا چاوی لەوەیە بردنەوە گەورەکەی ئەو ساڵەی بەرامبەر لارۆخا دووبارەبکاتەوە، کە ئەو کاتە بە پێنج گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە ئیسپانیای بردەوە.
لەلایەن خۆیەوە، هەڵبژاردەی ئیسپانیا چەند رۆژێکە لە مەدرید خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادەدەکات و رۆژی چوارشەممە دوایین مەشقەکانی ئەنجامدا و بۆ یارییەکە ئامادەیە.
ئیسپانیا بە دۆخێکی باشدا تێدەپەڕێت و لە 6 یاریی ئەم وەرزەی نەیشنسلیگدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و دوایین پێنج یاریی بردووەتەوە، ئەمشەو دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
یاریی گەڕانەوەی نێوان هەردوو تیپ رۆژی یەکشەممە لە ڤالێنسیا بەڕێوەدەچێت و براوەیان بەرامبەر براوەی یاریی فەرەنسا و کرواتیا یاری دەکات.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، راول ئاسێنسیۆ، بەرگریکاری یانەی ریال مەدرید کە یەکەمجارە بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا بانگهێشتدەکرێت، بۆ یارییەکەی ئەمشەو ناتوانێت یاری بکات و دووردەخرێتەوە، ماڵپەری رێلیڤۆی ئیسپانی دەڵێت "یاریزانەکە لەلایەن یۆفاوە ناوی تۆمار نەکراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ