کێ نازناوی لالیگا دەباتەوە؟ کۆمپیوتەری ئۆپتا یەکلاییدەکاتەوە

20-03-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئۆپتا نازناوی لالیگا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای 28 گەڕ لە لالیگا، کۆمپیوتەری ئۆپتا پێشبینی ناسنامەی پاڵەوانی خولەکە بۆ وەرزی 2024-2025 دەکات.
 
ئۆپتا ماڵپەڕێکی بەنێوبانگی بەریتانییە، لە ساڵی 1996 لە لەندەن دامەزراوە، تایبەتە بە ئاماری یاریزان و یانە و هەڵبژاردەکان. راپرسی وەرزشیش ئەنجام دەدات.
 
ئامارەکانی ئۆپتا ئاماژە بەوە دەکەن کە بارسێلۆنا چانسی بردنەوەی نازناوی لالیگای زیاترە لە ریال مەدرید و بەڕێژەی 68.5% بارسا دەیباتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە گەڕی 28ـی خولەکەدا یارییەکەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدریدی بەئەنجامی 4-2 بردەوە.
 
شکستی رۆخی بلانکۆس بەرامبەر بارسێلۆنا ئەرکی بردنەوەی خولی ئیسپانی بۆی ئاڵۆزتر کرد، هەروەها چانسی بردنەوەیان زۆر لاواز بووە و بەپێی ئۆپتا تەنیا بەڕێژەی 2.9% ئەگەری بردنەوەی نازناوی لالیگا لەلایەن ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە هەیە، هاوکات ئەگەری بەدەستهێنانی پلەی دووەمیش کەم بووەتەوە بۆ 17.5%.
 
هەرچەندە ریال مەدرید لە کێبڕکێی نازناوەکەدا نزیکترینە لە بارسێلۆنا، بەڵام مەودایەکەی نێوانیان زۆرە و کۆمپیوتەرەکەی ئۆپتا تەنیا 28.5% چانسی ئەوە بە ریال مەدرید دەدات کە وەرزەکە وەک پاڵەوانی لالیگا کۆتایی پێبهێنێت.
 
یارییەکەی بارسێلۆنا بەرامبەر ئۆساسۆنا دواخراوە و بارسا لە گەڕی 35ـی لالیگادا لە یاریی کلاسیکۆدا رووبەڕووی یانەی ریال مەدرید دەبێتەوە.
 
لەدوای سێ یەکەمی ریزبەندیی، ئاتلێتیک بیلباو بەئەگەرێکی زۆرەوە و بەڕێژەی 81.8% وەرزەکە لە پلەی چوارەمدا تەواو دەکات.
 
جگە لەوەش ئۆپتا بەڕێژەی 52.9% ئەگەری سەرکەوتنی ڤیاریال بەسەر ریال بێتیس لە بەدەستهێنانی پلەی پێنجەم داناوە و دەڵێت "تەنیا بەڕێژەی 30.1% پلەی پێنجەم بۆ ریال بێتیس دەبێت.
 
شەڕی دابەزین
 
سەبارەت بە پلەکانی کۆتایی و دابەزین لە لالیگا، ئۆپتا چانسی 97.7%ـی بە ڤایادۆلید بەخشی بۆ ئەوەی لە دوایین پلەی ریزبەندیدا بێت.
 
جگە لەوەش ئامارەکانی ئۆپتا ئاماژە بەوە دەکەن کە لاس پاڵماس و لێگانێس لە خولی پلە دووی ئیسپانیا لەگەڵ ڤایادۆلیدەوە ماڵئاوایی لە لالیگا دەکەن، هاوکات ڤالێنسیا و ئیسپانیۆل چانسی مانەوەیان لە لالیگا باشترە.
 
ئیسپانیۆل، ڤالێنسیا، ئالاڤێس، لیگانێس و لاس پاڵماس تەنیا بە سێ خاڵ لە ناوچەی ریزبەندی دوورن و هەموو ئەگەرەکان لە شەڕی دابەزین بە کراوەیی دەمێننەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە