ڤینی دەیەوێت سامبا لە مۆندیال نزیک بکاتەوە

20-03-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بەرازیل پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 لە ئەمریکای باشوور دەستپێدەکەنەوە، بەرەبەیانی رۆژی هەینی هەڵبژاردەی بەرازیل بەرامبەر کۆڵۆمبیا یاری دەکات.
 
بەرازیل چەند رۆژێکە لە برازیلیا خۆی بۆ ئەم یارییە بەهێزە ئامادەدەکات و بەرەبەیانی رۆژی هەینی کاژێر 03:45 لە یاریگەی ئارێنا مانێ گارینچا میوانداریی هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا دەکات.
 
سیلیساو بەبێ نەیمار یاری دەکات، ڤینیسیۆس جونیۆر دەیەوێت سەرکردایەتیی تیپەکە بکات، بۆ ئەوەی هەنگاوێکی دیکە لە گەیشتن بە مۆندیال نزیکببنەوە.
 
هەڵبژاردەی بەرازیل بەر لە ئەنجامدانی ئەم یارییە، لە پلەی پێنجەمی هەڵبژاردەکانی ئەمریکای باشوورە و خاوەنی 19 خاڵە، کۆڵۆمبیا لە پلەی چوارەمە و بەجیاوازیی خاڵێک لە پێش بەرازیلە.
 
لە یارییەکەی ئەمجارەی سامبادا، دانیلۆ و گابریێل ماگالیس، ئاندرێ، برونۆ گیمارێس، کۆنیا، رافینیا و رۆدریگۆ هەڕەشەیان لەسەرە و هەر یەکێکیان کارتی زەرد وەربگرێت، لە یاریی داهاتووی هەڵبژاردەکە بەرامبەر ئەرجەنتین یاری ناکات.
 
دۆریڤال جونیۆر، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە دەڵێت "سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی کۆلۆمبیا، ئەوە تەنیا یارییەکی جەستەیی نابێت، چونکە کۆڵۆمبیا بەباشی یاری تۆپی پێ دەکات، تۆپەکە دەجوڵێنێت، هەروەها یاریزانەکانی کوالیتییەکی بەرزیان هەیە، یاریزانی وەک خامیسیان هەیە، کە هەموومان زۆر باش دەیناسین. ئەوان هێڵێکی ناوەڕاستی بەهێزیان هەیە کە دەتوانن هێرشەکان بپچڕێنن و تۆپەکە بگوازنەوە بۆ لایەکان. هەر چۆنێک بێت متمانەیەکی زۆرم بەو کارانە هەیە کە ئەنجاممان داون، داهاتوویەکی باش بۆ هەڵبژاردەکەمان مەزندە دەکەم."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە