بەپەلە.. ریال مەدرید زانیاری نوێی لەسەر دۆخی کۆرتوا راگەیاند

20-03-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن تیبۆ کۆرتوا پێکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ چوارشەممە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، رایگەیاند کە نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتوو بۆ تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی بەلجیکی ئەنجامدراوە.
 
دوێنێ سێشەممە تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی ریال مەدرید، دوای ماوەیەک دوورکەتنەوە بەهۆی پێکانەوە، جارێکی دیکە لە مەشقەکانی ریال مەدریددا تووشی پێکانێکی نوێ بووەوە، بەهۆی دڕانی کڕکڕاگەی ئەژنۆی، و پزیشکان بە بەرپرسانی یانەی شاهانەیان راگەیاند کە پێویستە نەشتەرگەرییەکی خێرای بۆ بکرێت.
 
یانەی ریال مەدرید لە پێگەی فەرمی خۆی، بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی تەندروستی گۆڵپارێزە بەلجیکییەکەی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە "ئەمڕۆ تیبۆ کۆرتوای یاریزانەکەمان نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی بۆ ئەنجامدرا، بەهۆی دڕانی کڕکڕاگەی ناوەوەی ئەژنۆی راستی".
 
هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە "نەشتەرگەرییەکە لەژێر چاودێری خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی ریال مەدریددا ئەنجام دراوە".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆرتوا لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە پرۆسەی چاکبوونەوەی دەکات.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە کۆرتوا دوێنێ سێشەممە مەشقەکانی یانەی ریال مەدریدی بەجێهێشتووە، دوای ئەوەی هەستی بە ئازارێکی زۆر کرد لە ئەژنۆیدا.
 
ئەو سەرچاوانە روونیشیانکردووەتەوە، بەهۆی پێکانەوە کۆرتوا بۆ ماوەی دوو مانگی دیکە لە یاریگە دووردەکەوێتەوە، ئەمەش مانای وایە وەرزەکەی بەتەواوی کۆتایی هاتووە.
 
تیبۆ کۆرتوا لەم دواییانەدا گەڕایەوە بۆ بەشداریکردن لە مەشقەکانی ریال مەدرید، دوای ئەوەی لە پێکانەکەی چاکبووەوە، کە تووشی پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆی بووبوو، بەڵام جارێکی دیکە تووشی پێکانێکی دیکە بووەوە، کە پزیشکان پێیانوایە پێکانەکەی ئەمجارە لە پێکانەکەی یەکەم سووکترە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە