چارەنووسی تێن هاگ لەبەردەم تێڕوانینەکانی راتکلیفدا بۆ تۆپی پێ


رووداو دیجیتاڵ

ئێریک تێن هاگ، راهێنەری مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی هیواخوازە ئەو بردنەوە دراماتیکییەی یانەکەی لە ئێف ئەی کەپ بەسەر لیڤەرپوولدا بەدەستیهێنا، پەیامێکی دڵنیایی بەخش بێت بەبەرپرسانی یانەکەی، بۆ ئەوەی کەمێک لە گوشارەکان بەئاراستەی دوورخستنەوەی لە مەشقدانی یانەکە، کەمبکەنەوە.
 
یونایتد لە جامدا بە 4 - 3 گۆڵ لە لیڤەرپوولی بردەوە، لە کاتێکدا راهێنەری تیپەکە هیوادارە دەرگای رەشەبای رەخنە و پێویستیی گۆڕانکاریی راهێنەری تیپەکە، چیدی بەکراوەیی نەمێنیتەوە و کەمێک دڵنیایی بداتێ بۆ بەردەوامبوون لە پۆستەکەی.
 
دۆسێی گۆڕینی راهێنەری مانچێستەر یونایتد، لە دوای دڵنیابوونەوە لەوەی وەرزی یانەکە، زۆر لەوە کەمتربوو کە هاندەران و کارگێڕییەکەی چاوەڕێیاندەکرد، بەزووی هاتە ئاراوە، بەڵام بەئارامی مایەوە تاوەکو جیم راتکلیف، سەرمایەداری بەریتانی بەشێک لە پشکەکانی یانەکەی کڕییەوە و بووە بەرپرسی دۆسێی تۆپی پێ لە یانەکەدا.
 
راتکلیف لە دونیابینی خۆیدا لەبارەی داهاتووی مانچێستەر یونایتدەوە، هەندێک پەیامی توێکڵداری ئاراستەی تێن هاگ کرد، کاتێک گوتی ئەو بڕوای وایە یونایتد پێویستی بەبوونی ستایلی یارییکردنی تایبەت بەخۆی هەیە و خۆی و یاریدەدەرەکانی ئەو ستایلە دادەڕێژن و راهێنەری یانەکە، پێویستە پەیڕەوی بکات و کار بۆ گەشەپێدانی بکات.
 
سەرمایەدارە بەریتانییەکە، ئەوەشی نەشاردەبووەوە کە خەونی ئەو، گەڕانەوەی مانچێستەرە بۆ لووتکەی تۆپی پێی ئینگلتەرا و بردنەوەی نازناوەکان، هاوتای ئەوەی یانەکە لەسەردەمی سێر ئەلێکس فێرگسۆنی راهێنەری ئەفسانەیی یانەکەدا بەدەستیدەهێنا.
 
پلان و بیرکردنەوەی راتکلیف، زوو پێشانیدا ئەو بەرپرسەی یانەکە، ویستی ئەنجامدانی گۆڕانکاریی گەورەی لە تیپەکەدا هەیە، سەرەتای گۆڕانکارییەکانیش لە راهێنەری تیپەکەوە دەبێت.
 
بۆچی تێن هاگ هەست بەهەڕەشە دەکات؟
 
تێن هاگ لە دووەم وەرزی کارکردنیدا لەگەڵ یونایتد، وێڕای ئەوەی بەشێکی زۆری داواکارییەکانی لە هێنانی یاریزانان لە هاویندا جێبەجێکران، بەڵام دووچاری نوشوست و کەوتن هات، وەرزەکە زۆر لەوە کەمتری تێدا بەدەستهات کە هەمووان چاوەڕێیان دەکرد، بیرۆکەی زیندووکردنەوەی یونایتد و هەڵسانەوەی، بەپلەی یەکەم بەردەوامبوونی تێن هاگ دەخاتە بەردەم هەڕەشە، چونکە تیپەکە گەشەی نەکردووە و کێشەش لە ژووری جلگۆڕیندا زۆرە.
 
ئەگەر بۆچوونە گشتییەکە لەسەر بڕیاری دوورخستنەوەی تێن هاگ لە کۆتایی وەرزدا سەقامگیر بووبێت، سەرکەوتنەکەی هەفتەی رابردوو بەسەر لیڤەرپوولدا، کەمێک گومانی لەسەر ئەو بیرکردنەوەیە کە پێیوایە دوورخستنەوەی تێن هاگ، پێویستییەکی خێرایە، خستە ژێر گومانەوە.
 
تێن هاگ، کارگێڕیی یانەکەی لە بەرامبەر بڕیاری دوورخستنەوەی رووگیرتر دەکات، ئەگەر لە قۆناخی داهاتوودا کۆڤێنتری تێپەڕێنێت کە ئەرکێکی قورس نییە و پاشانیش، لە کۆتایی لە مانچێستەر سیتی یان چێڵسی بباتەوە و نازناوەکە بەرز بکاتەوە.
 
ئەگەر سیناریۆی بردنەوەی نازناوی ئێف ئەی کەپ، وەکئەوەی تێن هاگ ئاواتی بۆ دەخوازێت، جێبەجێ ببێت، ئەوکات دوورخستنەوەی لە کۆتایی وەرزدا زەحمەتتر دەبێت، بەتایبەت پێشبینیکراوە بردنەوەی یونایتد بۆ سەر سەکۆی نازناوەکان، گەلویستیی تێن هاگ لە نێو هاندەراندا زیاد بکات.
 
تێڕوانینی راتکلیف بۆ دۆخەکە
 
مانچێستەر یونایتد لە دوای سێر ئەلێکس فێرگسۆنەوە، خۆی لەسەر سەکۆی نازناوی پرێمەرلیگ نەبینیوەتەوە، لەوکاتەوەی فێرگسۆن لە یانەکە رۆیشتووە لە 2013 ئاواتی هەمووان، گەیشتنەوەیە بەو نازناوە کە تاوەکو ئێستاش، ژمارە پێوانەییەکەی بەدەستی یونایتدەوەیە بە 20 نازناو.
 
یانەکە وێڕای گۆڕانکاریی زۆر و هێنانی راهێنەرانی جیاواز، نەیتوانیوە بەو ئاواتەی بگاتەوە و لە ساڵی دووەمی کارکردنی تێن هاگیشدا، هەمان خەون دوور ماوەتەوە.
 
راتکلیفی 71 ساڵ، کە وەکخۆی دەڵێ لە منداڵییەوە هاندەری مانچێستەر یونایتد بووە، نیازی خۆی بۆ گەشەپێدانی هەموو شتێک لە یانەکدا خستووەتە روو، ئەو بەڵێنیداوە وەبەرهێنان لە یانەکەدا فراوان بکات و پلانەکانی پشتگیری بۆ یانەکە بەئاراستەی بەهێزکردنی ئەو شوێنانەی تیپەکە بێت کە لاوازن، لەگەڵ چاودانە سەر یاریزانانی بەهرەمەند، نەوەکو گەڕان بەشوێن گرێبەستکردن لەگەڵ ئەستێرەکانی وەک جود بێلینگهام و کیلیان ئێمباپێ.
 
راتکلیف ئێستا خاوەنی 25 لەسەدی کۆی پشکەکانی مانچێستەر یونایتدە و بەرامبەر 1،3 ملیار دۆلاری ئەمریکی خاوەندارییەکەی بەدەستهێناوە. ئەو بەڵێنیداوە 238 ملیۆن پاوەند لە گەشەپێدانی ژێرخانی یانەکەدا خەرج بکات.
 
سەرمایەدارە بەریتانییەکە لە پۆدکاستێکدا تەواوی بیرۆکەکانی خۆی بۆ داهاتووی یانەکە خستووەتە روو، ئەو لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی گرێبەستکردن لەگەڵ ئەستێرەیەکی وەک جود بێلینگهام، دەڵێ، "ئەو یاریزانێکی نایابە، بەڵام ئێمە چاومان لە یاریزانی لەو شێوەیە نییە، چارەسەری ئێمە خەرجکردنی پارەی زۆر نییە لەبەرامبەر هێنانی ژمارەیەک یاریزانی نایاب".
 
پشکدارەکەی مان یونایتد، بیر لە کارەکانی رابردووی یانەکە دەکاتەوە، ئەو دەڵێ، "ئەگەر تەماشای دە ساڵی رابردوو بکەین، یانەکە گرێبەستی زۆری لەو جۆرەی ئەنجامداوە، پارەی زۆریان لە هێنانی ژمارەیەک یاریزانی نایابدا خەرجکردووە، بەڵام ئەنجامەکان لە ئاستی پێشبینییەکاندا نەبوون".
 
پێشینەی گۆڕانکارییەکانی راتکلیف لە یانەکە بریتییە لە، "یەکەم شت کە پێویستمان پێیەتی، گرێبەستکردنە لەگەڵ کەسانی گونجاو لە کارگێڕیی هونەریی و بەڕێوەبردندا، هەروەها دووپاتکردنەوەی کارپێدانی دروست لە یانەکە، ئەمە بەشێکی گرنگی تۆپی پێی مۆدیرنە".
 
راتکلیف تەنانەت گرێبەستکردن لەگەڵ ئەستێرەیەکی گەورەی وەک کیلیان ئێمباپێش رەتدەکاتەوە، ئەو دەڵی، "باشترە بەلای منەوە گرێبەست لەگەڵ ئێمباپێی داهاتوو بکەین، لەبری ئەوەی پارەیەکی زۆر بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن خەرج بکەین".
 
لەهەمان چوارچێوەدا زیاتر دەڵێ، "زیرەکیی نییە گرێبەست لەگەڵ ئێمباپێی ئێستا بکرێت، دەکرێ هەموو کەس هەست بەو راستییە بکات کە کارەکە بۆ ئێمە هەڵەیە. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگترین ئاڵنگارییە ئەوەیە کە بەدوای ئێمباپێی داهاتوو یان بێلینگهامی داهاتوو یان رۆی کینی داهاتوودا بگەڕێین".
 
بۆچوونەکانی راتکلیف، داهاتووی بیرکردنەوەی یانەکە لەبارەی چارەنووسی تێن هاگەوە بەتەمومژاوی دەهێڵنەوە، ئەو بەهیچ شێوەیەک باس لە داهاتووی راهێنەر بەڕوونی ناکات، بەڵام هەموو دەرگایەک لەبارەی چارەنووسی راهێنەری یانەکەوە بەکراوەیی دەهێڵێتەوە. بەڵام ئەوە روونە کە هیچ دڵنیاییەک بۆ بەردەوامبوونی ئەو راهێنەر هۆڵەندییە لە پۆستەکەی لە وەرزی داهاتوودا نییە و هەموو ئەگەرەکان تاوەکو ئامادەسازییەکانی تیپەکە بۆ وەرزی داهاتوو، بەکراوەیی دەمێننەوە.