یانەی هیلال داوای ئەستێرەیەکی لالیگا دەکات

20-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی هیلال
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی هیلالی سعودی، هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی ئەستێرەیەکی لالیگا لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا دەستپێکردووە.
 
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری "سبق 24"، یانەی هیلال دەیەوێت سوود لە پەیوەندیی خراپی یوسف نسێری، هێرشبەری مەغریبی و یانەی سێڤییا لەگەڵ کیکی سانچێز فلۆرێس، راهێنەری یانەکە وەربگرێت و لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی.
 
لە یاریی رابردووی سێڤییا بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ، بەهۆی ئەوەی گۆڕانکاریی پێکرا، یوسف نسێری هێرشیکردە سەر کیکی سانچێز فلۆرێس، راهێنەری یانەکەی و ویستی لێیبدات، ئەمەش کاردانەوەیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.
 
یانەی هیلال بۆ بەهێزترکردنی هێڵی پێشەوەی یانەکەی دەیەوێت نسێری بباتە تیپەکەی، بۆ ئەوەی بۆ وەرزی داهاتوو لەگەڵ ئەلیکساندەر میترۆڤیچ، دووانەیەکی بەهێز بۆ تیپەکە دروستبکەن.
 
هیلال لەکاتێکدا دەیەوێت نسێری بباتە ریزەکانی، یانەکە لە باشترین کاتەکانیدایە، لەسەر ئاستی ناوخۆی سعودیە و چامپیۆنزلیگی ئاسیا لەم وەرزەدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، دوایین 29 یارییشی لەسەریەک بردووەتەوە و یەکەم یانەیە لە مێژوودا ئەو کارە دەکات.
 
یوسف نسێری، هاوینی رابردوو یەکێک بوو لە ئامانجەکانی یانەی هیلال، بەڵام یانە سعودییەکە لە گواستنەوەیدا سەرکەوتوو نەبوو، دوای ئەوە گرێبەستی لەگەڵ یاسین بونۆی هاوڕێی واژۆکرد، کە ئەویشیان لە یانەی سێڤییا بوو.
 
یوسف نسێری، هێرشبەری مەغریبی تەمەنی 26 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی سێڤییا لە هاوینی 2025 کۆتاییدێت و نرخەکەی لە گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 18 ملیۆن یۆرۆ.




 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە