بنزیما بڕیارێکی سەرنجڕاکێش دەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

کەریم بنزیما، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی ئیتیحادی سعودی پێشوازی لە بیرۆکەی بەشداریکردن لە رکابەرییەکانی ئۆڵیمپیادی پاریسدا دەکات.
 
هاوینی داهاتوو لە 26ـی 7 تاوەکو 11ـی 8 پاریسی پایتەختی فەرەنسا میوانداریی یارییەکانی ئۆڵیمپیادی هاوینە دەکات، کە هەزاران وەرزشڤان لەسەر ئاستی یاری و رکابەرییە جیاوازەکان تێیدا بەشداردەبن.
 
بۆ رکابەرییەکانی تۆپی پێ، فەرەنسا دەیەوێت بەهێزەوە بچێتە نێو رکابەرییەکە و کار بۆ بردنەوەی میدالیای زێڕ دەکات، بۆ ئەوەش تێری هێنری، راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی وڵاتەکە دەتوانێت 3 یاریزان بانگهێشتبکات کە تەمەنیان لەسەرووی 23 ساڵەوە بێت، بۆ ئەوەی پێکهاتەی تیپەکەی تەواو بکەن کە ژمارەیان 18 یاریزان دەبێت.
 
رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسی پرسیارێکی لە کەریم بنزیما کردووە، لەبارەی ئەوەی دەکرێت بەشداری لە ئۆڵیمپیاددا بکات؟ بنزیما لە وەڵامدا گوتی "بۆچی نا، بەدڵنیاییەوە زۆر خۆشدەبێت لەگەڵ فەرەنسا بەشداری بکەم و رووداوێکی گەورە دەبێت."
 
جگە لە کەریم بنزیما، ناوی چەند ئەستێرەیەکی دیکە دەهێنرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ فەرەنسا بەشداری لە ئۆڵیمپیاددا بکەن، لەوانەش کیلیان ئێمباپێ، ئانتوان گریزمان، ئۆلیڤێ ژیرۆ و رافایێل ڤاران، بەڵام تاوەکو ئێستا تێری هێنری بڕیاریی نەداوە پشت بە کام یاریزان دەبەستێت، لەکاتێکدا بەشداریکردنی یاریزانەکان بەندە بە رێگەپێدانی یانەکانیان.
 
رۆژنامەی لێ پاریسیانی فەرەنسی دەڵێت "بەربەستی بەردەم بنزیما بۆ بەشداریکردن لە ئۆڵیمپیاددا رازیبوونی یانەی ئیتیحاد دەبێت، لەکاتێکدا بەڕێوەچوونی ئۆڵیمپیاد لە کارنامەی فیفادا نییە."
 
کەریم بنزیمای خاوەنی باڵۆن دۆری ساڵی 2022، پێشتر بڕیارییداوە واز لە یارییکردنی نێودەوڵەتی بهێنێت، دوای ئەوەی لە مۆندیالی 2022 بەهۆی پێکانەوە نەیتوانی بەشداری بکات.
 
لەسەرەتای ئەم وەرزەوە کەریم بنزیما لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا بەشداریی لە 23 یاریی یانەی ئیتیحاددا کردووە، 12 گۆڵی تۆمارکردووە و 7 گۆڵی دروستکردووە.
 
بنزیما ئێستا پێکانی هەیە و بەو هۆیەوە لە 5 یاریی رابردووی یانەکەیدا بەشداریی نەکرد، کە سێیان بەرامبەر هیلال بوو و یانەکەی هەرسێکیانی دۆڕاند.