پۆگبا بە پۆستە ئاینییەکانی خۆی دەکاتەوە خۆشەویستی هەمووان

 
رووداو دیجیتاڵ

پۆڵ پۆگبا، ئەستێرەی تۆپی پێی فەرەنسا بەهۆی پۆستە ئاینییەکانی لەبارەی رەمەزانەوە خۆشەویستی ملیۆنان خەڵک بەدەستدەهێنێت، سەرەڕای ئەوەی بۆ ماوەی 4 ساڵ لە یارییکردن سڕکراوە.
 
مانگی رابردوو دادگای بەدواداچوونی ماددەی وزەبەخش لە ئیتاڵیا، بڕیارییدا پۆڵ پۆگبای تەمەن 30 ساڵ و ناوەڕاستکاری یانەی یوڤێنتوس بۆ 4 ساڵ لە یارییکردن سڕبکات، دوای ئەوەی لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت هۆرمۆنی تستوستیرۆنی بەکارهێناوە، کە ماددەیەکی رێگەپێنەدراوە و نابێت وەرزشڤانان بەکاری بهێنن.
 
دوای ئەم بڕیارە پۆڵ پۆگبا لە پەیامێکدا دووپاتیکردەوە کە بە مەبەست ئەو کارەی نەکردووە و هەرگیز سەرپێچی ناکات، بەڵام لێدوانەکانی ئەستێرە فەرەنسییەکە هیچی نەگۆڕی.
 
لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆز، پۆگبا، کە یاریزانێکی فەرەنسی موسڵمانە لە پەیامێکدا دەنووسێت "من هەرگیز لە ماوەی ساڵێکدا ئەوەندە فێرنەبووم و گەشەم نەکردووە، ئەو قەدەرەی خوا دایناوە هەر دەبێت ببێت، ئاسانە تەنیا سەیری لایەنە خراپەکەی بکەیت، بەڵام هەرچییەک بێت، سوپاس بۆ خوا."
 
پۆگبا زیاتر نووسیوویەتی " سوپاس بۆ خوا، لەسەر خۆشی و ناخۆشییەکان، تەنگانە و بەرفراوانییەکان."

A post shared by Paul Labile Pogba (@paulpogba)

 
ئەم پۆستەی پۆڵ پۆگبا زیاتر لە یەک ملیۆن نیو لایکی بۆ چووە و کاردانەوەیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەو یاریزانەی کە سڕکراوە بووەتە خۆشەویستی هەوادارانی، بەتایبەت هاندەرانی موسڵمان.
 
پێش ئەوە لەسەرەتای هاتنی رەمەزاندا، پۆگبا لەنێو مزگەوتدا پیرۆزبایی هاتنی مانگی رەمەزانی کردبوو، ئەو پۆستەشیان کاردانەوەیەکی گەورەی لەنێو هاندەرانی تۆپی پێدا دروستکرد و پۆگباش چێژی لێبینی.