ئەگەری هەیە بۆ کلاسیکۆی داهاتوو ئاراوخۆ لەکۆڵ ڤینیسیۆس ببێتەوە

20-03-2023
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-

رووداو دیجیتال

رۆناڵد ئاراوخۆ، ئەستێرەی هێڵی بەرگریی یانەی بارسێلۆنا ئەگەری هەیە بەهۆی پێکانەوە بۆ ماوەی چەند رۆژێک لە یاریکردن داببڕێت. 
 
لە کلاسیکۆی شەوی رابردوودا ئاراوخۆ تووشی پێکان بوو، دوای ئەوەی لە یارییەکە گۆڵێکی بەهەڵە لەخۆیان تۆمارکرد، دواتر کۆششێکی زۆریکرد بۆ ئەوەی تۆڵەی هەڵەکەی بکاتەوە و بەهۆی ڤینیسیۆس جونیۆرەوە زۆر ماندوبوو، بەڵام توانی لەهەندێک حاڵەتدا رێگریی لە ڤینی و هاوڕێکانی بکات کە لە گۆڵەکەی شتیگن نزیکببنەوە. 
 
لە خولەکەکانی کۆتایی یارییەکە ئاراوخۆ داوای لە چاڤی هێرناندێزی راهێنەری کرد کە گۆڕانکاریی پێبکات، هەستی بە ئازار کردووە لە قاچیدا، بەڵام چاڤی بڕیاریدا کە تاکۆتایی یارییەکەی بەردوامبێت و ئاستێکی باشیشی هەبوو. 
 
لەدوای یارییەکە ئاراخۆ سەهۆڵی لەسەر شوێنی پێکانەکەی دانابوو، رۆژنامەی مۆندۆی کەتەلۆنی ئاماژەی بەم بابەتە کردووە و دەڵێت: بەهۆی ئەوەی هەستی بە ئازار کردووە، ئەمڕۆ دووشەممە پشکنینی موگناتیسی بۆ قاچی ئەو یاریزانە دەکرێت، بەپێی پێشبینییەکانیش یاریزانەکە بۆ چەند رۆژێک لە یاریکردن دادەبڕێت. 
 
بەپێی رۆژنامەکەبێت، سروشتی پێکانەکەی ئاراوخۆ بەو شێوەیەیە کە ئەگەری دوورکەوتنەوەی لە یاریکردن لە 15 بۆ 20 رۆژ دەبێت، بەمەش بەشداریکردنی لە کلاسیکۆی داهاتوودا دەکەوێتە ژێر گومانەوە کە یاریی گەڕانەوەی جامی شایە و بڕیارە لە رۆژی 5-4-2023.
 
ئاراوخۆ زەحمەتە بەشداری لە یارییە دۆستانەکانی هەڵبژاردەکەشی بکات لە هەفتەی داهاتوو کە یارییەکانی فیفا دەی بەڕێوەدەچن و لەلایەن راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆرۆگوایەوە بانگهێشتکراوە، ئۆرۆگوای رووبەڕووی کۆریای باشوور و ژاپۆن دەبێتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە