دوای کلاسیکۆ.. هەمووان دەڵێن پیرۆزە بارسا.. چاڤی رەتیدەکاتەوە

20-03-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کلاسیکۆ ریال مەدرید بارسێلۆنا یانەی بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا، بەبردنەوەی کلاسیکۆی ئەمجارە بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک، جیاوازیی خاڵەکانی لەگەڵ ریال مەدریدی دووەمی ریزبەندی لالیگا بۆ 12 خاڵ بەرزکردەوە.
 
بارسێلۆنا لە کلاسیکۆی ئەمجارەدا، سێیەم سەرکەوتنی لەسەریەکی لە سێ کلاسیکۆی رابردوودا بەدەستهێنا، پاشئەوەی لەسەرخاکی سعودیە بەبردنەوە لە ریال مەدرید، نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیای بردەوە و پاشان لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی شادا، جارێکی دیکە لە ریال مەدریدی بردەوە.
 
کاردانەوەکانی پاش یارییەکە، هەموویان بە ئاراستەی ئەوەن کە بارسێلۆنا کۆتایی بە رکابەریکردن لەسەر نازناوی وەرزی ئەمساڵی چامپیۆنزلیگ هێنا و ریال مەدرید مەحاڵە بتوانێ نازناوی لالیگا بباتەوە.
 
لە یارییەکەدا چی روویدا؟
 
یارییەکە بە گوشاری زووی ریال مەدرید دەستیپێکرد، کەریم بنزیما نزیکبوو لە خولەکی یەکەمی یارییەکەدا گۆڵ تۆمار بکات، بەڵام تێرشتیگن رێگەی لێگرت.
 
وەڵامی بارسێلۆنا دوای تەنیا یەک خولەک هات، کاتێک رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لێدانێکی ئاراستەی گۆڵکرد و تیبۆ کۆرتوا بەری پێگرت.
 
لە خولەی نۆدا، ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئۆفەرێکی بۆ ناوچەی سزای بارسێلۆنا کرد، تۆپەکە بەر سەری رۆناڵد ئاراوخۆی بەرگریکەری بارسێۆنا کەوت و چووە گۆڵەوە، ریال مەدرید بە گۆڵێک پێشکەوت.
 
لە خولەکی 23دا، بارسێلۆنا نزیکبوو لە یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە، لێدانی سەری کریستنسن، بەتەنیشت گۆڵەکەی ریال مەدریددا چووە دەرەوە.
 
کەتەلۆنییەکان لە گوشارخستنە سەر گۆڵی ریال مەدرید بەردەوامبوون، لە خولەکی 32دا کریستنسن لێدانێکی سەری هەبوو کە کۆرتوا گرتییەوە. دوای دوو خولەک، رافینیا لێدانێکی ئاراستەی گۆڵ کرد و کۆرتوا گرتییەوە. بەر لە کۆتایی هاتنی گێمی یەکەمی یارییەکە، سێرجی رۆبێرتۆ، سەرکەوتوو بوو لە تۆمارکردنی گۆڵی یەکسان بۆ بارسا، پاشئەوەی بەدواداچوونی بۆ تۆپێک کرد کە پێشتر رافینیا ئاراستەی گۆڵی کردبوو و کۆرتوا گێڕایەوە.
 
لەسەرەتای گێمی دووەمدا، ڤینیسیۆس ئۆفەرێکی بۆ ناوچەی سزای بارسێلۆنا هەبوو، بەڵام ڤاڵڤێردی تۆپەکەی بە تەنیشت ستوونی گۆڵدا ناردە دەرەوە. لیڤاندۆڤسکی لە خولەکی 59دا لێدانێکی بەهێزی بۆ گۆڵی ریال مەدرید هەبوو، بەڵام بۆ دەرەوە بوو.
 
رۆدریگۆی یاریزانی ریال مەدرید کە لە گێمی دووەمدا بەشدارییکرد، لە خولەکی 63دا لە نزیک ناوچەی سزا لێدانێکی بۆ گۆڵی بارسا هەبوو کە رافینیا ئاراستەی تۆپەکەی گۆڕی و بووە کۆڕنەر.
 
کۆرتوا رۆڵی هەبوو لەوەی لە خولەکی 74دا، رافینیا جارێکی دیکە نەتوانێ گۆڵ تۆمار بکات. پاشئەوە مارکۆ ئاسینسیۆ لە خولەکی 81دا گۆڵی پێشکەوتنی ریال مەدریدی تۆمارکرد، بەڵام بەهۆی ئەفسایدەوە رەتکرایەوە.
 
دوا قسە لە یارییەکەدا بۆ بارسێلۆنا و فڕانک کیسێ بوو کە لە خولەکی 92دا گۆڵی دووەمی بارسای تۆمارکرد و بەوەش بارسێلۆنا سەرکەوتنی لە یارییەکەدا بەدەستهێنا.
 
راهێنەران بۆچوونی جیاوازیان هەبوو
 
هەردوو راهێنەری بارسێلۆنا و ریال مەدرید، چاڤی هێرناندێز و کارلۆ ئەنچیلۆتی، لە دوای یارییەکە قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد و وەڵامی پرسیارەکانیان دایەوە.
 
چاڤی لە هەڵسەنگاندنی خۆیدا بۆ یارییەکە گوتی، "هەلی زۆر و کۆنترۆڵی زۆرمان هەبوو، بەشێوەیەکی گشتی ئێمە لە ریال مەدرید باشتر بووین".
 
چاڤی لەبارەی یاریکردن بە سێرجی رۆبێرتۆ بە شێوەی سەرەکی گوتی، "تاوەکو دوا ساتیش پێش یارییەکە، دوودڵبووم لەوەی کێ بەسەرەکی یاریی پێبکەم، لە کۆتاییدا دەرکەوت کارەکە زۆر بەباشی هات و سێرجی و کیسێ، هەردووکیان گۆڵیان تۆمارکرد".
 
لەبارەی دانیشاندنی، رافینیاوە کە ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد لە یارییەکەدا، راهێنەری بارسێلۆنا گوتوویەتی، "ئەو هەستی بەماندووێتی کرد، پێمباشبوو فیران تۆرێس یاری بکات، ویستمان گۆڕانکاری بکەین".
 
ئایا لالیگا کۆتایی هات و هەموو شت تەواو؟ بارسێلۆنا بووە پاڵەوان؟ چاڤی ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێ، "پیرۆزبایی بەدەستهێنانی نازناوی لالیگام لێمەکەن، چونکە هێشتا 12 یاریمان ماوە و بۆی هەیە هەموو شت بگۆڕێت، بەڵام بردنەوەکەی ئەمڕۆ زۆر گرنگ و کاریگەر بوو".
 
کارلۆ گومانی هەیە
 
دوای شكستەکەی بەرامبەر بارسێلۆنا، کارلۆ ئەنچیلۆتی لەبارەی فراوانبوونی جیاوازیی خاڵەکانەوە بۆ دوانزە خاڵ گوتی، "ئەوان لە ئێمە باشتربوون لە بابەتی بەردەوامیدا"، بەڵام رەتیکردەوە لە کلاسیکۆدا تیپەکەی شایستەی دۆڕان بێت.
 
میستەر کە سێیەم کلاسیکۆی لەسەریەکە بە بارسا دەدۆڕێ، گوتی، "یارییەکی قورسمان لە یاریگەیەکی قورس و بەرامبەر رکابەرێکی قورس ئەنجامدا، بەڵام ئاستێکی باشمان پێشکێشکرد و شایستەی دۆڕان نەبووین".
 
راهێنەری ریال مەدرید، گوتوویەتی، "شێوازی یاریکردنمان نەگۆڕیووە، بەڵام هەندێک تایبەتمەندیی کەسییمان گۆڕی، رۆدریگۆم خستە ناوەوە تاوەکو هێزی هێرشبەریی زیاد بکەین، سێ یاریزانی نوێم لە ناوەڕاستدا دانا بۆ ئەوەی وزەی زیاترمان لەوێ هەبێت".
 
میستەر زیاتر دەڵێ، "گێمی یەکەم زۆر باشبووین، بۆیە پێموابوو بێمانایە گۆڕانکاری بکەم، بەڵام لە خولەکی حەفتاوە دەمویست پێکهاتەکە ئەپدەیت بکەمەوە".
 
ئەنچیلۆتی، دڵتووندیی خۆی بەرامبەر ئەنجامەکە دەربڕیووە، دەڵێ "هەست بە خەم دەکەین و ئازارمان هەیە، شانازیی بە یارییەکەوە دەکەین، ئەگەر بەم ئاستە یاریمان بکردایە، بەدڵنیاییەوە لە کۆتایی وەرزدا شایستەی ئەوەبووین نازناوەکە ببەینەوە".
 
ئەو زیاتر گوتوویەتی "پێشینەمان بۆ یارییەکانی داهاتوو دەبێت تاوەکو بەشێوازێکی نایاب کۆتایی بە وەرزی ئەمساڵ بهێنین، ئێمە یارییەکە بەجێدەهێڵین و شانازیی گەورە بەخۆمانەوە دەکەین، چونکە وەرزەکەمان زۆرباشبوو، رکابەریی لەسەر هەموو پاڵەوانێتییەکان دەکەین بە متمانەیەکی زۆرەوە".
 
راهێنەری ریال مەدرید لەکۆتاییدا، گومانی خۆی لە شکستی تیپەکەی بەڕەوایی دەردەبڕێت، ئەو لەبارەی رەتکردنەوەی گۆڵەکەی ئاسینیسیۆوە دەڵێ، "تاوەکو ئێستا گومانم هەیە، ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ مەدرید و دڵنیانین لەوەی ئەو بڕیارە دروستبوو یان نا".
 
کۆرتوا: بای بای لالیگا
 
تیبۆ کۆرتوا، گۆڵپارێزی یانەی ریال مەدرید، گوتی ماڵئاواییمان لە لالیگا کرد.
 
تیبۆ پاش یارییەکە دووپاتیکردەوە کە تیپەکەی نازناوی لالیگای لەدەستدا، ئەو گوتی "دەبێ راستگۆبین، ئێمە هەرگیز خۆمان بەدەستەوە نادەین، بەڵام جیاوازیی 12 خاڵ زۆر زۆرە".
 
گۆڵپارێزە بەلجیکییەکە زیاتر دەڵێ، "هیچ شتێک مەحاڵ نییە، بەڵام بەدیهێنانی ئەوە زۆر زەحمەتە، ئێمە دەبێ هەوڵبدەین جامی شا ببەینەوە".
 
لەبارەی یارییەکەوە، کۆرتوا دەڵێ، "یارییەکی باشمان کرد، هەلی باشمان هەبوو، دەمانتوانی لە گێمی یەکەمدا زیاتر پێشبکەوین و لە کۆتاییدا یەکسان بین، بەڵام هەلەکانمان نەقۆستەوە، جێگەی داخە کە گۆڵەکەی ئاسینیسیۆ رەتکرایەوە، ئەوان گۆڵیان لێکردین".
 
تیبۆ چەندین گۆڵی مسۆگەری بارسێلۆنای گێڕایەوە، گوتی "دڵخۆشبووم بە هاوکاریکردنی تیپەکەم، بەڵام دۆڕان شەرمەزارییە، نابێ خۆمان بەدەستەوە بدەین، دڵنیام لەوەی دەتوانین یاریی جامی شا لێرە ببەینەوە، لە رکابەریکردن لەسەر نازناوی چامپیۆنزلیگیش بەردەوامین".
 
ڤاڵڤیردی: هیچ شتێک کۆتایی نەهاتووە
 
بەپێچەوانەی کۆرتواوە، فیدی ڤاڵڤێردی، یاریزانی ریال مەدرید پێیوایە هێشتا هەموو ئەگەرێک لە ئارادایە و هیچ شتێک کۆتایی نەهاتووە.
 
یاریزانەکەی ناوەڕاستی ریال مەدرید دەڵێ، "ئێمە ماڵئاواییمان لە پێشبڕکێی لالیگا نەکردووە، تاوەکو ئەگەری گۆڕانی شتەکان هەبێت، ئێمە لەپێناویدا دەجەنگین، ئەمە وامان لێدەکات بۆ چامپیۆنزلیگ باشتر ئامادەبین".
 
ڤاڵڤێردی رەتیدەکاتەوە، باس لە ئاستی ناوبژیوان بکات لە یارییەکەدا، ئەو دەڵێ "باسی ناوبژیوان و ڤار ناکەم، دەکرێ ئەمڕۆ لە بەرژەوەندی تۆبن و سبەی لە دژت بن، ناتوانم قسە لەسەرئەوە بکەم گۆڵەکەی ئاسینسیۆ ئۆفسایدبوو یان نا، ئێمە دەبێ بیر لەوە بکەینەوە خۆمان پێشبخەین".
 
فیدی بەخەمبارییەوە باسی دۆڕانەکەی کردووە، "هەست بەخەم دەکەین، چونکە پێویستمان بەبردنەوەی یارییەکە هەبوو، بەڵام هەلەکانمان نەقۆستەوە".
 
سێرجی رۆبێرتۆ بەسەرخۆیدا سەردەکەوێت
 
لە یارییەکەی کلاسیکۆدا، سێرجی رۆبێرتۆ، گۆڵێکی تۆمارکرد، کە گۆڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە بوو.
 
تۆڕی 'ئۆپتا'ی تایبەتمەندی داتاکان دەڵێ سێرجی رۆبێرتۆ لە وەرزی ئەمساڵدا و لە میانی 17 بەشداریکردن لە لالیگادا، چوار گۆڵی تۆمارکردووە.
 
بەپێی تۆڕەکە، سێرجی، ژمارەی خۆی هاوتاکردووەتەوە لەگەڵ بارسێلۆنا بەدرێژایی چوار وەرزی رابردوو و وەک تۆڕەکە دەڵێ، لە چوار وەرز و لە میانی 83 یاریدا، سێرجی تەنیا چوار گۆڵی تۆمارکردووە، ئەمساڵ بە 17 یاری هەمان ژمارە گۆڵی تۆمارکردووە.
 
جارێکی دیکە مەرگ بۆ ڤینیسیۆس
 
کلاسیکۆش وەک زۆر یاریی دیکەی ئەمساڵی ریال مەدرید، دژ وەستانەوە و هێرشکردنە سەر ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئەستێرەی ریال مەدریدی بەخۆوە بینی.
 
ڤینی کە هۆکاربوو بۆ پێشکەوتنی ریال مەدرید لە یارییەکەدا کاتێک ئۆفەرێکی ئەو بۆ ناو ناوچەی سزای بارسا بووە هۆی تۆمارکردنی گۆڵی پێشکەوتنی ریال مەدرید، لە رێگەی رۆناڵد ئاراوخۆوە، جارێکی دیکە رووبەڕووی دروشمی رەگەزپەرستانە بووەوە.
 
هاندەرانی ئامادەبووی نێو یاریگەی نو کامپ، لەماوەی جیاوازی یارییەکەدا بەدەنگی بەرز هاواریانکرد، "مەرگ بۆ ڤینیسیۆس". ڤینی کە ئاستێکی باشی لە یارییەکەدا هەبوو، وەک هەمیشە وەڵامی هاندەرانی دایەوە و ئەمجارە ئاماژەی بە لۆگۆی پاڵەوانی یانەکانی جیهان لەسەر درێسی ریال مەدرید کرد، ئەو هەڵسوکەوتەی ڤینی، هێندەی دیکە هاندەرانی بارسای تووڕەکرد و گووتنەوەی دروشمی "مەرگ بۆ ڤینیسیۆس"یان لە یاریگەدا زیاتر کرد.
 
رۆژنامەی مارکا دەڵێ، وەک هەمیشە هەمان سیناریۆ دووبارە بووەوە کە هاندەران هەوڵیاندا بەهۆی پەلاماری رەگەزپەرستییەوە، بیرکردنەوەی ڤینی لە یارییەکەدا پەرت بکەن.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، تاوەکو ئێستا دیار نییە بارسێلۆنا، یان فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، رێوشوێن بۆ تەمبێکردنی ئەو هاندەرانە دەگرێتە بەر یان نا.
 
دۆڕانی ریال بۆ هەموو جیهان باشە
 
فڕانک کیسێ، کە گۆڵی سەرکەوتنی بارسای لە کۆتاییەکانی یارییەکەدا تۆمارکرد، دوای یارییەکە باسی سەرکەوتنی تیپەکەی کرد، ئەو گوتی، "زۆر دڵخۆشم بەوەی روویدا، ئەوە سەرکەوتنێکە لە بەرژەوەندی شاری بارسێلۆنا و تیپەکەمان و هەموو جیهانیش".
 
ئەو لەبارەی گۆڵەکەیەوە دەڵێ، "گرنگبوو، وەک گوتم هەمووان بەم سەرکەوتنە دڵخۆش دەبن، ئەمە بردنەوەی ژمارە سێ هەزارە لە لالیگادا لەسەر یاریگەی کامپ نو، من شانازی بەبەشداریکردن لەو ژمارەیەدا دەکەم".
 
کیسێ زیاتر دەڵێ، "پێموانییە ئێمە زۆر ناڵاندبێتمان لە یارییەکەدا، دوای گێمی یەکەم ئێمە زۆر باشبووین، ئاستمان نایاب بوو، ئەوەمان کرد کە راهێنەر داوایکرد، پیرۆزبایی لە هەمووان دەکەم".
 
ریال مەدرید دەبێ پاش دوو هەفتەی دیکە سەردانی هەمان یاریگە بکاتەوە، بۆ ئەنجامدانی یاری گەڕانەوە لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیا... پێشتر بارسێلۆنا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر یاریی چوونی بردووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە