یانەی زاخۆ دەیەوێت پێشڕەوییەکانی جەوییە راگرێت

رووداو دیجیتال

ئەمڕۆ شەممە لە گەڕی بیست و پێنجی خولی یانە نایابەکانی کوردستان، کاژێر 16:00 یانەی زاخۆ لە ناو یاریگەی شەعب لە شاری بەغدا رووبەڕووی یانەی جەویە دەبێتەوە. 

یانەی زاخۆ 34 خاڵی هەیە و لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولی عێراقە،  لەم یارییەدا ئەرکی قورسە، لەبەرئەوەی یانەی جەویە پێشەنگی ریزبەندیی خولەکەی گرتووە بە 53 خاڵ.

تەها زاخۆی، بەڕێوەبەری تیپی یانەی زاخۆ لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی روووداو، رایگەیاند "تیپەکەمان لە ئامادەباشیدایە بۆ یارییەکە، دەزانین یاریکردن بەرامبەر جەویە ئاسان نییە، بەڵام ورە بەرزیمان وایلێکردووین شەڕی بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش بکەین".

لەم یارییەدا یانەی زاخۆ بێبەشە لە تواناکانی زیاد ئەحمەد و ئەمجەد وەلید کە بەهۆی پێکان ناتوانن بەشداری یارییەکە بکەن. 

هەر لە یارییەکانی خولی نایابی عێراق سبەی یەکشەممە یانەی هەولێر دوور لە یاریگە و هاندەرانی یاری لەگەڵ یانەی سەماوە دەکات، یانەی هەولێر دەیەوێت قەرەبووی دۆڕانی یاری رابردووی بکاتەوە، کاتێک لە ناو یاریگەی خۆیدا بە یانەی نەفتی وەسەت دۆڕا بە ئەنجامی گۆڵیکی بێوەڵام.

رێبین رەمزی، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی هەولێر، لەبارەی ئامادەکاری تیپەکەیان بۆ ململانێی یانەی سەماوە، روونیکردەوە" کاپتن لوئەی شارەزای شێوازی یاریکردنی تیپی بەرامبەرمانە و کاری لەسەر تەکتیکێکی تایبەت بەو یارییە کردووە، هەریەک لە دیدار غازی و محەممەد حەسەن بەهۆی پێکان لەگەڵ محەممەد نیزال بەهۆی وەرگرتنی 3 کارتی زەرد و ئیڤان خالید بەهۆی خراپی باری تەندروستی باوکی ناتوانن یاری بکەن لەم یارییەدا". 

یانەی هەولێری خاوەن چوار نازناوی خولی عێراق 25 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی چواردەمی ریزبەندی خولەکەدایە.