دوای کرانە دەرەوەی لە جامی ئاسیا عێراق یەکەم یاریی دەکات

20-03-2019
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن عێراق، گرنگترین یارییەکانی رۆژ
A+ A-

رووداو - هەولێر

رکابەرییەکانی پاڵەوانێتی دۆستایەتی بەبەشداریی سێ هەڵبژاردە لە بەسڕە دەستپێدەکات، هەڵبژاردەی عێراقی میوانداری پاڵەوانێتییەکە بەچەند گۆڕانکارییەکەوە بەشداری دەکات.

یەکەم یاریی پاڵەوانێتییەکە لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و سووریا دەبێت، کاتێک ئەمڕۆ کاژێر 18:00 رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.

دوای کرانە دەرەوەی عێراق لە قۆناخی شازدەی جامی ئاسیا لەسەر دەستی هەڵبژاردەی قەتەر، ئەمە یەکەم یاریی عێراقە و هەڵبژاردەکە دوای متمانە دانەوە بە سریچکۆ کاتانیچ، چەند گۆڕانکارییەکی لە یاریزاناندا کردووە و یاریزانی نوێی بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەکە بانگهێشتکردووە، ئەمە جگە لەوەی گۆڕانکاریی لە دەستەی راهێنەرایەتیشدا کردووە.

لەبارەی ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەکەوە سریچکۆ کاتانیچ، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، ئەم پاڵەوانێتییە بۆ هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەی یاریزانی نوێ زۆر باش دەبێت.

راهێنەرە سلۆڤینییەکە زیاتر گوتی، یاریزانە پیشەگەرەکان بەر لە یارییەکەی بەرامبەر سووریا پەیوەندییان بە هەڵبژاردەکەوە کردووە، لە پاڵەوانێتییەکەدا یاریزانی گەنج تاقیدەکەمەوە و هەلێکی باشە بۆ ئەوەی توانای نوێ ببینین.

لە پاڵەوانێتییەکەدا کە ئەمڕۆ ئێوارە دەستپێدەکات، هەریەکە لە عێراق، سووریا و ئوردن بەشدارن و یاریی دووەمی پاڵەوانێتییەکە رۆژی 23ـی ئەم مانگە لەنێوان ئوردن و سووریا دەبێت، پاشان لە رۆژی 26ـی هەمان مانگ عێراق و ئوردن رووبەڕووی یەکدەبنەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە