رووداو دیجیتاڵ
هاندەرانی پرێمەرلیگ، پاڵەوانی ئەمساڵی خولەکەیان لە رێگەی بۆچوون و لێکدانەوەی خۆیانەوە دەستنیشانکرد لە نێوان هەرسێ یانەی رکابەر لەسەر نازناوەکە کە بریتین لە لیڤەرپوول، مانچێستەر سیتی و ئارسیناڵ.
ئێستا لیڤەرپوول پێشەنگی ریزبەندی پرێمەرلیگی گرتووە بەکۆکردنەوەی 57 خاڵ پاش تێپەڕینی 25 گەڕی خولەکە. سیانزە گەڕ بەرلەکۆتاییهاتنی خولەکە، ئارسیناڵ بەجیاوازیی دوو خاڵ لە پلەی دووەمە و پێش مانچێستەر سیتی کەوتووە کە یارییەکی دواخراوی بەرامبەر برێنتفۆرد هەیە و ئەگەر بیباتەوە پلەی دووەم لە ئارسیناڵ وەردەگرێتەوە.
هاندەرانی ئینگلتەرا، یانەی لیڤەرپوولیان هەڵبژاردووە بۆ بردنەوەی نازناوی ئەمساڵی خولەکە، ئەمەش بە پشتبەستن بە ژمارەیەک هۆکار، یەکێک لە دیارترین هۆکارەکان، ئەوەیە کە سەڵاح و هاوڕێکانی ئەمساڵ لەسەر یاریگەی خۆیان هیچ یارییەک نەدۆڕاون. جیا لەوەش لیڤەرپوول سێ یاریی ئەنجامدەدات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو تیپانەی هەڕەشەی دابەزین بۆ چامپیۆنشیپیان لەسەرە و بریتین لە لوتۆن تاون، شیفیڵد یونایتد و کریستاڵ پاڵاس.
تەنانەت رووبەڕووبوونەوە قورسەکانی دەرەوە دژی ئیڤێرتن و مانچێستەر یونایتد دەبن و بەرکەوتنە گەورەکەش بەرامبەر مانچێستەر سیتی، لە نێو ئانفێڵد دەبێت.
لیڤەرپوول هەروەها بەرامبەر برایتن، تۆتێنهام و ولڤێرهامتن لە ئانفێڵد یارییدەکات، لە دەرەوە بەرامبەر نۆتێنگهام، فولهام، وێستهام و ئاستۆن ڤێلا یارییدەکات.
هەرچی رکابەرە راستەوخۆکانی لیڤەرپوولە کە سیتی و ئارسیناڵن، یارییەکانیان لەم قورسترە. سیتی لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر برێنتفۆرد، مانچێستەر یونایتد، ئارسیناڵ، ئاستۆن ڤێلا، لوتۆن تاون، ولڤێرهامتن و وێستهام ئەنجامدەدات.
لە کاتێکدا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەریەکە لە بۆرنمۆس، لیڤەرپوول، برایتن، لاس پاڵماس، تۆتێنهام، نۆتێنگهام و فولهام، دەچێتە دەرەوەی یاریگەی خۆی.
لای خۆیەوە ئارسیناڵ، خشتەیەکی قورسی هەیە، گەشتەکانی تاقەتپڕووکێن دەبن بەرامبەر شیفیڵد، مانچێستەر سیتی، برایتن، ولڤێرهامتن، تۆتێنهام و مانچێستەر یونایتد لە دەرەوەی یاریگەی خۆی.
لە کاتێکدا یارییەکانی تۆپچییەکان لە نێو یاریگەی خۆیدا بەرامبەر نیوکاسڵ، برێنتفۆرد، چێڵسی، لوتۆن تاون، ئاستۆن ڤێلا، بۆرنمۆس و ئیڤێرتن دەبن.
بەپێداچوونەوەی خشتەی یارییەکانی هەرسێ یانە رکابەرەکە، میدیای ئینگلتەرا راپرسییان لەبارەی ئەگەری دەستنیشانکردنی پاڵەوانی ئەمساڵی خولەکەوە ئەنجامداوە، و زۆرینە پێیانوایە لیڤەرپوول دەبێتە پاڵەوان.
ئەوەی ئومێدی داوەتە هاندەران بۆ ئەو رووداوە، وەکئەوان دەڵێن ئەوەیە کە خشتەی یارییەکانی لیڤەرپوول لای ئەوان ئاسانترە.
هەندێک هاندەر پێیانوایە یاریزانەکانی لیڤەرپوول پێویستە لەسەریان هەڵکەوتە مێژووییەکە لە پێشکەوتنی رکابەرەکانی و دوایین وەرزی کارکردنی یۆرگن کلۆپ لەگەڵ یانەکە بەباشترین شێوە بقۆزنەوە و نازناوەکە بەدەست بهێنن.
لە نێو هاندەراندا، هەندێک بۆچوونیش هەن کە پێیانوایە بەرامبەر سیتی هیچ دڵنیاییەک نییە بۆ ئەوەی ببیتە پاڵەوان و تا دوا چرکە دەکرێ تیپەکەی گواردیۆلا هەموو شت بگۆڕێت.
هاندەرانی ئارسیناڵ لە کاتی قسەکردن لە هەمان راپرسیدا، ئومێدەوارن لە گەڕی پێشکۆتایی و لە نێو یاریگەی ئۆڵدترافۆردا، یانەکەیان بردنەوەی نازناوەکە مسۆگەر بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ