ڤیدیۆ؛ فیزیکناسێک راهێنەری نوێی لیڤەرپوول دەستنیشان دەکات

رووداو دیجیتاڵ

یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، هەمیشە جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ هەموو یانەکانی دیکە، ئەگەر بە ئاست و ئەنجامەکانیش نەبێت، لە رووی پابەندبوون بە رێکارە زانستییەکانەوە جیاوازی دروست دەکات.
 
رێدز جیاواز لە هەموو یانەکانی دیکە، بەشێوەیەکی زانستی و بەپشتبەستن بە پێوەری زانستی و لەلایەن زانایەکی بواری فیزیاوە راهێنەری نوێی بۆ شوێنگرتنەوەی یۆرگن کڵۆپی راهێنەری دەستنیشان دەکات.
 
یۆرگن کڵۆپی راهێنەری ئەڵمانی، بەر لە چەند هەفتەیەک بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو رایگەیاند کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا یانەی رێدز بەجێدەهێڵێت.
 
دوای ئەم بڕیارەی کڵۆپ، میدیاکان چەندین ناویان بەربژێرکردووە بۆ ئەوەی یەکێکیان ببێتە شوێنگرەوەی کڵۆپ، بەڵام لە راستیدا لیڤەرپوول هەرگیز پشت بە ناوی گەورە و دەستکەوتەکانی هیچ راهێنەرێک نابەستێت بۆ ئەوەی بیکاتە راهێنەری نوێی، بەڵکو لەسەر بنەمایەکی زانستی و پشتبەستن بە چەندین پێوەر یەکێک هەڵدەبژێرێت، تەنانەت ئەگەر ئامارەکانیشی بەو شێوەیە باش نەبن.
 
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، کە مایک گۆردۆن، خاوەنی گرووپی فێنوای کە خاوەنی لیڤەرپوولە، بەرپرسیار دەبێت لە دۆسیەی راهێنەرە نوێیەکە، هەروەک چۆن لە ساڵی 2015 یۆرگن کلۆپیش بەو شێوەیە دەستنیشانکرا.
 
لە ساڵی 2015 لیڤەرپوول لەنێوان یۆرگن کڵۆپی ئەڵمانی و کارلۆ ئەنچیلۆتی ئیتاڵیدا، کڵۆپی هەڵبژاردە، ئەگەرچی ئەوکات کڵۆپ بەهیچ شێوەیەک بە ئەنچێلۆتی بەراورد نەدەکرا، لە رووی نێوبانگ و دەستکەوتەکانەوە، بەڵام کڵۆپی هەڵبژارد بەپشتبەستن بەو زانیاری و ئامارانەی کە لەلایەن بەشی وەرگرتنی یاریزانانی یانەی رێدزەوە کۆکرابوونەتەوە.
 
بەرپرسیارێتی هەڵبژاردنی راهێنەری نوێی یانەی ریدز، بە ویل سپێرمان، زانای فیزیای تەنۆلکەکان دراوە، کە دەرچووی زانکۆی هارڤاردە و سەرۆکی بەشی توێژینەوەیە لە لیڤەرپوول.
 
سپێرمان لە هاوینی رابردوودا رۆڵی گەورەی بینی لە گواستنەوەی یاریزانی ژاپۆنی واتارو ئیندۆ بەپشتبەستن بە کۆمەڵێک پێوەر و داتا، ئەمەش وایکرد کارگێڕیی یانەکە گرێبەستی لەگەڵدا بکات دوای ئەوەی نەیتوانی مۆیسس کایسێدۆی ئیکوادۆری لە برایتنەوە بگوازێتەوە.
 
میدیاکان باس لەوە دەکەن کە چابی ئەلۆنسۆی ئیسپانی، پاڵەوانی خولی یانە پاڵەوانەکانی 2005 لەگەڵ لیڤەرپوول، دیارترین بەربژێرە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. ئینجا دی زێربی و ئامۆریم دێن، بەڵام دوابڕیار لەدەستی سپێرمانی فیزیکناسدایە و ئەو دوای ئەنجامدانی لێکدانەوە زانستییەکانی بڕیار دەدات کێ دەبێتە راهێنەری رێدز.