رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ئاپڵیکەیشنێکەوە یاریزانێکی خولی تورکیا لە یانەکەی دووردەخرێتەوە.
یانەی بێشیکتاشی تورکی بڕیاریدا گرێبەستی ئێمیرهان دێلیباسی هێرشبەری یانەکە هەڵبوەشێنێتەوە دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا پڕۆفایلێک بە ناوی یاریزانەکەوە لە ئاپی 'بەمبڵ' بینرا و بڵاوکرایەوە، کە ئاپێکی تایبەت بە ژوانبەستنە.
هەرچەندە دێلیباس رایگەیاند کە ئەو هەژمارە ساختەیە و رەتیکردەوە هیچ پەیوەندییەکی بە ئەوەوە هەبێت، بەڵام یانەی بێشیکتاش دوورخستنەوەی یاریزانەکەی بە رەزامەندی هەردوولا راگەیاند.
لە پرۆفایلەکەدا دەردەکەوێت کە وێنەیەکی یاریزانەکە بە درێسی راهێنانەکانی بێشیکتاشەوە داندراوە و خواردنەوەیەکی بەدەستەوەیە. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە لە پرۆفایلەکەدا نووسراوە کە تەمەنی دێلیباس 24 ساڵە، بەڵام ئەو زانیارییە هەڵەیە و لە راستیدا تەمەنی 21 ساڵە.
دێلیباس لەبارەی ئەو پرۆفایلەوە دەڵێت "من ئەو تۆمەتانە رەتدەکەمەوە کە لەلایەن ئەو هەژمارە ساختانەوە رووبەڕووم دەکرێنەوە و دەمەوێت بڵێم کە دڵسۆزی من بۆ یانەکەم ناکرێت گومانی لێبکرێت، بێشیکتاش بۆ من بەرپرسیارێتییە، خۆشەویستی ئێوە گەورەترین پاڵنەری من بووە."
دێلیباس لە ساڵی 2010 لە یانەی لاوانی بێشێکیتاش دەستی بە کاروانی وەرزشی کرد، دواتر بە تیپە جیاوازەکاندا سەرکەوت و تاوەکو لە ساڵی 2020 گەیشتە تیپی یەکەمی یانەکە، لەگەڵ ئەو تیپەدا بەشداری لە دوو یاری کردووە و بە کۆی گشتی 14 خولەک یاری بۆیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ