ئەمشەوی چامپیۆنزلیگ.. تۆقێنەری ئینتەرمیلان بەرامبەر یادەوەرییەکانی سیمیۆنی

20-02-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ ئینتەرمیلان بۆرووسیا دۆرتموند ئایندهۆڤن ئاتلێتیکۆ مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوو یاریی دیکە لە قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵدا بەڕێوەدەچێت، ئینتەرمیلان لە جۆسیپی میاتزا میوانداریی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی دەکات. یارییەکە یادەوەرییەکانی رۆژانی یارییکردن، لە دڵی دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەری تیپەکەدا زیندوو دەکاتەوە.
 
یارییەکی دیکەی ئەمشەو، بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی و ئایندهۆڤنی هۆڵەندی کۆدەکاتەوە و یانە ئەڵمانییەکە وەک دوو تیپی جیاواز لە ئاست و ئەنجام، لەسەرئاستی نێوخۆ و دەرەوە دەردەکەوێت.
 
ئینتەرمیلان و ویستی تۆڵە
 
تۆڵە باڵ بەسەر جۆسیپی میاتزادا دەکێشێت و ئینتەرمیلان چاوی لە درێژەدان بەدرەوشانەوەی ناوازەی خۆیەتی لە وەرزی ئەمساڵدا و ئاتلێتیکۆ مەدریدیش ئەو تیپەیە دەیەوێت جارێکی دیکە مێژوو بەو دیوەدا بنووسێتەوە کە خۆی دەیخوازێت.
 
قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ، هاندەرە بەجۆشوخرۆشەکانی ئینتەرمیلان دەباتە نێو یاریگەوە بۆ ئەوەی لە پشتی ئەو تیپە بن کە ئەمساڵ دووەم ساڵی لەسەریەکی زۆر باشی خۆی بەسەردەبات، دوای ئەوەی لەگەڵ سیمۆنی ئینزاگی راهێنەردا وەرزی رابردوو، لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە بوو، بەڵام لەوێ بە مانچێستەر سیتی دۆڕا.
 
ئینتەرمیلانی ئەمساڵ، لە هەمان تیپی وەرزی رابردوو بەهێزتر و تۆقێنەرتر دێتە بەرچاو. تیپەکەی میلانۆ لە کۆتاییەکانی مانگی نۆی ساڵی رابردووەوە لە هیچ پاڵەوانێتییەکەدا دووچاری شکست نەبووە، تیپەکە پێشەنگی سێری ئایە، لە بیست و چوار گەڕدا، بیست بردنەوە و سێ یەکسانبوونی هەیە و تاکە تیپ ئەمساڵ لە ئیتاڵیا لە ئینتەرمیلانی بردبێتەوە، ساسولۆیە.
 
ئینتەرمیلان دوای دەرکەوتنی ناوازەی لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکانی ئەمساڵ، بەئاستی باش و بردنەوە لە چەندین یاریی قورس و چارەنووسسازدا، ئێستا وەک یەکێک لە کامڵترین تیپەکانی ئەوروپا خۆی پێشاندەدات.
 
ئینتەر ئەگەرچی لە قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگدا لە ئاستی چاوەڕوانیی هاندەرەکانیدا دەرنەکەوت و پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی بەدەستهێنا، بەڵام بەچاوپۆشین لە دووەمبوون لە کۆمەڵەکەدا، تیپەکە وەک یەکێک لە باشترین تیپەکانی ئێستای ئەوروپا خۆی پێشانداوە و هەمووان ئینتەرمیلان بەبەربژێرێک بۆ رکابەرییکردن لەسەر نازناوی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ دەبینن.
 
یارییەکەی ئەمشەو، هەلی تۆڵەکردنەوە بۆ ئینتەرمیلان دەڕەخسێنێت، ئەو تیپە تەنیا یەکجار بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید یارییکردووە و یارییەکەش جامی سوپەری ئەوروپای ساڵی 2010 بوو کە ئاتلێتیکۆ، ئینتەرمیلانی تێدا دووچاری شۆککرد.
 
ئاتلێتیکۆ، لەگەڵ دیێگۆ سیمیۆنی، فەلسەفە و بیرکردنەوەی ئەو راهێنەرە بەردەوامە و ئەو ئەگەرچی پێناچێ بەپێی ئەنجامەکانی تاوەکو ئێستا، یانەکە رکابەری سەرسەختی نازناوەکان بێت، بەڵام ئەزموونی راهێنەر و یاریزانانی تیپەکە و شێوازی یارییکردنی ئاتلێتیکۆ، توانای ئازاردان و تەنگەتاوکردنی هەر تیپ و رکابەرێکی دیکەی هەیە.
 
سیمیۆنی کە بەیادەوەرییەکانی رۆژانی یارییکردنەوە لە ئینتەرمیلان رووی لە ئیتاڵیا کردووەتەوە، دڵخۆشە بەگەڕانەوەی هەریەکە لە ئالڤارۆ مۆراتا و گابریێل پاولێستا بۆ پێکهاتەی تیپەکە و دەتوانێ سوود لەو دوو یاریزانە وەربگرێت، لە هەوڵەکانیدا بۆ شکستپێهێنانی ئینتەرمیلان.

 

دۆرتمۆند بەدوو رووی جیاوازەوە
 
وەکئەوەی دوو تیپی جیاواز بێت و هەریەکەیان بەئاراستە و بیرکردنەوەیەکی جیاواز و ورەیەکی جیاوازەوە یاریی بکات، بۆرووسیا دۆرتمۆند لە وەرزی ئەمساڵی رکابەرییە نێوخۆیی و ئەوروپییەکاندا، دوو رووی جیاوازی خۆی پێشانداوە.
 
لە کاتێکدا لەسەرئاستی ئەوروپا لە کۆمەڵەی مەرگەوە پێشەنگی بەدەستهێنا و زەبەلاحەکانی وەک نیوکاسڵ، میلان و پاریس سانجێرمانی تێکشکاند، لە نێوخۆی ئەڵمانیادا تیپەکە تەواو پێچەوانە خۆی پێشانداوە و هەرزوو دەریخست هەناسەی درێژی بۆ رکابەرییکردن لەسەر نازناوی خولەکە نییە.
 
بۆرووسیا لە فیلیپس ستادیۆم دەبێتە میوانی ئایندهۆڤنی هۆڵەندی، بەردەوامبوون لە چامپیۆنزلیگ تائەوپەڕی توانا، تاکە ئومێدی ئەو یانەیەیە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیەی تیپەکە لەسەر ئاستی نێوخۆ، لە دڵی هاندەرەکانیدا دروستیکردوون.
 
پێدەچێ بۆرووسیا دۆرتمۆند، تاوەکو ئێستا لەژێر کاریگەریی لەدەستدانی نازناوی بۆندێسلیگای وەرزی رابردوو لە دوا یارییدا نەهاتبێتە دەرەوە، کاتێک بەهۆی یەکسانبوونەوە لەگەڵ ماینز، نەیتوانی خۆی بگەیەنێتەوە سەر سەکۆی نازناوی خولەکە و لەوەش کاریگەرتر، رۆیشتنی جود بێلینگهام بوو، کە تاوەکو ئێستا وێڕای هێنانی چەندین یاریزانی نوێ، تیپەکە نەیتوانیوە بۆشایی ئەو ئەستێرەیە پڕبکاتەوە.
 
هاتنی رامی بن سەبعینی، مارسیل ساپیتزەر، نیکۆلاس فۆلکرۆگی گۆڵکەری ئەمساڵی یانەکە و تەنانەت گەڕانەوەی جادۆن سانچۆش، نەیانتوانیوە لەو راستییە تاڵە بگۆڕن کە ئەنجامەکان بەدڵی هاندەران نین و هاندەرانیش لە ماوەی رابردوودا، ناڕەزایەتی تووندیان بەرامبەر یاریزانەکان پێشانداوە.
 
بۆرووسیا دۆرتمۆند، لە یارییەکەی ئەمشەویدا لە تواناکانی سیباستیان هالێری کۆتدیڤواری بێبەش دەبێت، بەهۆی پێکانەوە و ئەوەش لەدەستدانی بەشێکی کاریگەری تواناکانی تیپەکەیە، بەتایبەت کە بردنەوەی نازناوی جامی نەتەوەکانی ئەفریقیا و درەوشانەوەی هالێر، پێشبینی ئەوەی هێنابووە ئاراوە، ئەو یاریزانە بەورەیەکی بەرزەوە لە یارییەکەدا دەربکەوێت و قسەی کۆتاییش لەبارەی ئەنجامی یارییەکەوە بکات.
 
دۆرتمۆند و ئیدین تێرزیچی راهێنەری، ناچارن بەجۆرێک لە ترس و رێزگرتنی زیادەوە مامەڵە لەگەڵ ئایندهۆڤنی خانەخوێدا بکەن لە یارییەکەی ئەمشەودا، چونکە ئەو تیپە هۆڵەندییە، هاوتای بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی، تاکە دوو تیپی ئەوروپان لە نێوخۆدا دووچاری شکست نەبوون و ئەوەش پاڵنەرێکی مانەویی بەهێزیان دەداتێ، تاوەکو ئەمشەو لانیکەم نیوەی رێگە بەرەو قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ ببڕن، کە ئەوەیان ئەگەر رووبدات، تۆمارکردنەوەی مێژوویەکی گەورە دەبێت بۆ ئایندهۆڤن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە