نهێنیی مەترسیدار لەبارەی ناسڕ خلێفی و سوپەرلیگ ئاشکرابوون

20-02-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی پاریس سانجێرمان سوپەرلیگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ناسڕ خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی رووبەڕووی تۆمەتی تێوەگلان لە پڕۆژەی سوپەرلیگ بووەتەوە لەسەرەتاکانی پڕۆژەکەدا.
 
پڕۆژەی سوپەرلیگ یانەکانی ریال مەدرید، بارسێلۆنا و یوڤێنتوس پشتگیری دەکەن و سەرۆکی سانجێرمان یەکێکە لە سەرسەختترین دژەکانی پڕۆژەکە و کاری زۆر دەکات بۆ ئەوەی شکست بهێنێت.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی هەریەکە لە رۆژنامەکانی 'لیکیپ' و 'فرانس فوتبۆڵ'ی فەرەنسی بڵاویانکردووەتەوە، ساڵی 2020 ناسڕ خلێفی لەگەڵ ئاندریا ئانیێلی سەرۆکی پێشووی یوڤێنتوس کۆبووەتەوە بۆ دانانی پلانێک لەپێناو دروستکردنی پاڵەوانێتییەکی نوێی زۆر نزیک لە شێوازی سوپەرلیگەوە.
 
رۆژنامەکان دەڵێن، ئامانجی کۆبوونەوەکە هەنگاونان بووە بۆ رێکخستنی پێشبڕکێ یان پاڵەوانێتییەک کە بەشداریکردن لە خولە نێوخۆییەکانی وڵاتانیشی لەخۆ گرتووە.
 
رۆژنامەکان دەڵێن، پاڵەوانێتییەکە ناودەنرا پوور وەک رێزلێنان لە نیلز پوری فیزیاناسی دانیمارکیی بەناوبانگ لە سەدەی بیستدا کە رۆڵی گەورەی هەبووە لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیدا.
 
پێشتر ئانیێلی لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ رۆژنامەی 'فاینینشاڵ تایمز' لە یەنایەری رابردوودا، دانیبەوەدانابوو کە ئەوکات بیریان لەو پڕۆژەیە کردووەتەوە و پلانیان بۆ داناوە.
 
ئەوکات ئانیێلی دەڵێ، "لەبیرمە لە گەرمەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا گەشتی پاریسم کرد، ئەوکات کەس بەسەر شەقامەکانەوە نەبوو، شار چۆڵ بوو، لەگەڵ ناسڕ باسی دروستکردنی پاڵەوانێتییەکی نوێی یانەکانم کرد، ئەوکات ئەو لە وەڵامدا گوتی، دەبێ گۆڕانکاری بکەین، چونکە ئەگەر ئەوە نەکەین، دەمرین".
 
خلێفی لە پڕۆژەکەیدا پشتی بەهەندێک هاوڕێ و کەسی نزیکی خۆی بەستبوو، لە نێویاندا دانیێل مارکهایم، کە یاریدەدەرێتی و کۆمپانیای بەریتانی 0+0ی راسپاردبوو بۆ بیرکردنەوە لە گەشەپێدانی پڕۆژەی خولەکە.
 
رۆژنامەکان دەڵێن، خلێفی ئەوکات بەرپرسی لایەنی ئابووریی پڕۆژەکە بووە و ئانیێلی بەرپرسی بەشی موڵکدارێتی پڕۆژەی خولە نوێیەکە دەبوو.
 
بەپێی رۆژنامە فەرەنسییەکان، ئێستا جووڵەیەک هەیە بۆ ناچارکردنی خلێفی لەپێناو داننان بەڕاستی رووداوەکانی دروستکردنی پڕۆژەی پور و بەوەش رووگیرکردنی بەرامبەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا کە ئێستا زۆر متمانەیان بە خلێفی هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە