لێدوانی راهێنەران.. بۆس و تێرزیچ رێز لە تیپەکانی یەکدی دەگرن

رووداو دیجیتاڵ

 

ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لە یاریی چوونی قۆناخی شانزدەی چامپیۆنزلیگدا، یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی دەبێتە میوانی یانەی ئایندهۆڤنی هۆڵەندی.
 
راهێنەرانی هەردوو یانە بەشدارییان لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا کردووە و قسەیان لەبارەی یارییەکەوە بۆ رۆژنامەڤانان کردووە.
 
ئەمە پوختەی قسەکانی هەردوو راهێنەرە:
 
پیتەر بۆس، راهێنەری یانەی ئایندهۆڤن:
 
بۆچی وەرزێکی نایابمان پێشکێشکردووە؟ باشە، گرنگترین شت یاریزانەکانە، دەبێت یاریزانی باشت هەبێت، بە یاریزانی باش دەتوانیت بەردەوام کاربکەیت. ئێمەش یاریزانی زۆر باشمان هەیە، بەڕاستی ئەوە دەکەین، بەو هۆکارەوە وەرزێکی زۆر باش لە خولی هۆڵەندی بەسەردەبەین، هەروەها لە چامپیۆنزلیگیشدا.
 
سەبارەت بەوەی تاوەکو چەند بەدواداچوون بۆ خولی ئەڵمانی دەکەم؟ بۆ من پێش هەموو شتێک پەیوەندی بە لیڤەرکوزنەوە هەیە، بەڕاستی دڵخۆشم کە بۆ ماوەیەکی زۆر زیاتر لە لە دۆرتمۆند لە لیڤەرکوزن بوومە. نزیکەی دوو ساڵ و نیو، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر یاریزان کارم کردووە کە تاوەکو ئێستاش لەوێ ماون. ئەوە من و ستافەکەشم زۆر دڵخۆش دەکات. بەڕاستی باش یاری دەکەن. لە فۆرمێکی باشدان. نەک تەنیا لەبەرئەوەی دوایارییان بەرامبەر بایرن بردەوە.
 
ئیدین تێرزیچ، راهێنەری یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆند:
 
زۆر باشە. بەڕاستی دڵخۆشین کە لێرەین. ئێمە دەزانین کە ئێمە بە هۆکارێک هاتووین بۆ ئێرە، ئەویش ئەوەیە کە دەمانەوێت سەرکەوین بۆ قۆناخی داهاتوو، لەبەرئەوەی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا کارێکی باشمان کرد. چێژ لە یارییەکە وەردەگرین. ئێمە تەنیا بۆ چێژوەرگرتن لە یاریکردن لە چامپیۆنزلیگ نەهاتووینەتە ئێرە، ئێمە هاتووین بۆ ئێرە بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکە و سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتوو، ئەمەش گرنگترین شتە بۆ ئێمە.
 
ئێمە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی ئەم ئاڵنگارییە دەکەین، رێزێکی زۆرمان هەیە بۆ ئەم ئالنگارییە، هەروەها رێزێکی زۆرمان بۆ رکابەرەکەمان هەیە، چونکە ئایندهۆڤن لەم وەرزەدا ئاستێکی ناوازەی پێشکێشکردووە، جا چ لە خولی ناوخۆیی بێت یان لە چامپیۆنزلیگدا، یاریزانەکانیان خاوەن توانای تەکنیکی بەرزن، بەخێراییەکی زۆر جیا دەکرێنەوە، لە کۆنترۆڵکردنی تۆپدا باشن، و لەبەردەم گۆڵدا مەترسی دروست دەکەن. هەبوونی هەموو ئەوانە مانای ئەوەیە بیرۆکەیەکی باشت هەیە، یاریزانی باش و متمانەیەکی زۆرت بەخۆت هەیە.