بایرن میونشن پەیوەندی بە زیدانەوە کردووە

رووداو دیجیتاڵ

چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە ئیتاڵیا ئاشکرایانکرد، بایرن میونشن ناوی زینەدین زیدانی فەرەنسی، راهێنەری پێشووی یانەی ریال مەدریدی خستووەتە لیستی بەربژێرانی شوێنگرەوەی تۆماس توخێلی ئەڵمانی.
 
بایرن تووشی 3 دۆڕانی لەسەریەک بوو بەرامبەر بایەرلیڤەرکوزن، لازیۆ و بۆخوم، لە خولی ئەڵمانی و چامپیۆنزلیگ، بەمەش بە 8 خاڵ لە پێشەنگی بوندێسلیگا دووری خستەوە، ئەرکی گەیشتن بە قۆناخی 16ـەش لە چامپیۆنزلیگدا قورس کرد.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، لەم ماوەیەی دواییدا پەیوەندییەکانی نێوان بایرن و توخێل لە باشترین بارودۆخدا نەبووە، ئەمەش لەوانەیە ئەنجامەکەی بگاتە ئەوەی یانەکە راهێنەرەکەی لە پۆستەکەی دووربخاتەوە.
 
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، بەرپرسانی بایرن پێشتر پەیوەندییان بە زیدانی فەرەنسی، راهێنەری پێشووی یانەی ریال مەدریدەوە کردووە بۆ ئەوەی شوێنی تۆماس توخێل بگرێتەوە.
 
هەندێک لە سەرچاوەکان دووپاتی دەکەنەوە کە پەیوەندی نێوان زیدان و بایرن میونشن ماوەیەکە بەردەوامە، بەڵام زیزۆ هێشتا هیچ بڕیارێکی نەداوە، سەبارەت بەوەی دەبێتە راهێنەری یانەی باڤاری یان نا.
 
زیدان لە هاوینی 2021 لە دوای رۆیشتنی لە راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدرید، سەرکردایەتی هیچ تیپێکی وەرنەگرتووە، چونکە چاوەڕێی ئەوەبوو سەرکردایەتی هەڵبژاردەی فەرەنسا وەربگرێت بۆ ئەوەی شوێنی دیدی دیشام بگرێتەوە، بەڵام یەکێتیی تۆپی پێی فەرەنسا گرێبەستی دیشامی درێژکردەوە.