دەستەوارەیەکی سەرسوڕهێنەر بۆ کەریم بنزیما

رووداو دیجیتاڵ

 

کەریم بنزیما، هێرشبەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، دوودڵە لە یەکلاکردنەوە و بڕیاردان لەسەر ئەو شوێنە و ئەو یانەیەی کە دەیەوێت وەرزی داهاتوو یاری بۆ بکات.
 
لە کۆتایی ئەم وەرزەدا، ماوەی گرێبەستەکەی کەریم بنزیما لەگەڵ مێرینگێ کۆتایی دێت، واتە ئێستا دەتوانێت گرێبەست لەگەڵ هەر یانەیەکی دیکە واژۆ بکات.
 
بەگوێرەی میدیاکانی ئیسپانیا، بەردەوامبوونی بنزیما لەگەڵ یانەی ریال مەدرید هێشتا مسۆگەر نییە و هیچ بەرپرسێکی ئەو یانەیە لێدوانێکی روونی سەبارەت بە داهاتووی ئەو یاریزانە فەرەنسییە نەداوە.
 
ئەو سەرچاوانە دەڵێن "بنزیما دەستەوارەیەکی سەرنجڕاکێشی لە سعودیەوە پێگەیشتووە، کە ئامادەن بۆ ماوەی دوو وەرز، ساڵانە 60 ملیۆن یۆرۆ بەبێ باج پێیبدەن، بەڵام ناوی یانەکە ئاشکرا نەکراوە".
 
لەهەمانکاتدا ئاماژەیان بەوەشکردووە، بنزیما لە هەواڵی ئەگەری دوورخستنەوەی کارلۆ ئەنچیلۆتیی راهێنەری دەترسێت، چونکە ئەو راهێنەرە ئیتاڵییەکەی خۆشدەوێت، کە متمانەیەکی زۆری پێبەخشیوە.
 
لەدوای گواستنەوەی ئەفسانەی پۆرتوگالی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەلایەن یانەی نەسڕی سعودیەوە، لە مێرکاتۆی ئەم زستانەدا، چەندین راپۆرتی رۆژنامەڤانی ئاماژەیان بەوە کردووە کە یانەی نەسڕ و یانە گەورەکانی دیکەی خولی سعودیە هەوڵدەدەن ئەستێرە جیهانییەکان بگوازنەوە ریزەکانیان.
 
هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو یانەیەی ئامادەیە ئەو پارە خەیاڵییە بداتە کەریم بنزیما، یانەی نەسڕە، واتا ئەگەر بنزیما بە دەستەوارەکە رازی ببێت، جارێکی دیکە لە گەڵ هاوڕێکەی، کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاری دەکات، کە پێکەوە دەیان دەستکەوت و نازناویان بۆ ریال مەدرید بردووەتەوە.