بارسێلۆنا بیر لە نوێکردنەوەی گرێبەستی چاڤی دەکاتەوە

20-02-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن چاڤی هێرناندێز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا لە ئێستاوە کار بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەکەی دەکات بۆ ئەوەی ماوەیەکی درێژتر لەگەڵ یانەکە بەردەوامبێت.
 
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی و نزیک لە یانەی بارسێلۆنا دەڵێت " یانەکە بیر لە نوێکردنەوەی گرێبەستی راهێنەرە ئیسپانییەکە دەکات، بەڵام یانەکە هیچ شتێک ناکات تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە، بەتایبەت کە گرێبەستی چاڤی هێشتا ساڵێکی ماوە کۆتاییبێت."
 
بەپێی سەرچاوەکە، کارگێڕیی یانەی بارسێلۆنا وا بیردەکاتەوە کە چاڤی تاکە راهێنەربێت لە ماوەی سەرۆکایەتیکردنی خوان لاپۆرتادا، چونکە نوێکردنەوەی گرێبەستی راهێنەرەکە بە مانای ئارامی دێت لە یانەکەدا.
 
ئەنجامەکانی چاڤی هێرناندێز، راهێنەری بارسێلۆنا تاوەکو ئێستا لەگەڵ یانەکە باشن، راهێنەرەکە نازناوی یەکەمی خۆی لەگەڵ یانەکە بردووەتەوە و لە لالیگاشدا یانەکە رۆژ لە دوای رۆژ باشتر دەردەکەوێت و بە جیاوازیی 8 خاڵ لە پێش یانەی ریال مەدریدەوەیە و پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەی گرتووە.
 
ئەوەی بۆ هاندەرانی بارسا جێگەی نیگەرانییە یۆرۆپالیگە، کە یانەکە لە یاریی چوونی قۆناخی پلەی ئۆفدا لە یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی مانچێستەر یونایتد یەکسانبووە و یاریی گەڕانەوەیان لە ئۆڵدترافۆرد زۆر زەحمەت دەبێت.
 
چاڤی هێرناندێز لە 6-11-2021 بووەتە راهێنەری بارسێلۆنا، لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکەدا لە 71 یارییدا 45 یاریی بردووەتەوە و رێژەی بردنەوەکانی 63.4٪ـە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە