ڤیدیۆ؛ هەولێر گرنگترین یاریی بەرامبەر شورتە دەکات و رووداویش دەیگوازێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی هەولێر لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورس و زەحمەتدایە، کاتێک بەرامبەر یانەی شورتە یارییدەکات، لە رکابەرییەکانی خولی یانە نایابەکانی عێراقدا.
یارییەکە کاژێر 18:00 لەسەر یاریگەی فرانسۆ هەریری، لە رکابەرییەکانی گەڕی 22 بەڕێوەدەچێت، هەولێر دوای ئەوەی لە قۆناخی یەکەمی خولەکەدا نەیتوانی ئاست و ئەنجامی باشی هەبێت، لە قۆناخی دووەمدا دوای هاتنی نزار مەحروس ئەنجامی باشی بەدەستهێناوە و لە 7 یاریی رابردوودا یانە هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە.
هەولێر ئامادەکارییەکی زۆرباشی بۆ ئەم یارییە کردووە و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات بۆ ئەوەی هەنگاوی زیاتر لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە نزیکببێتەوە و یانەی شورتەش دووچاری یەکەم دۆڕان بکات لەم وەرزەی خولەکەدا، کە تاوەکو ئێستا لە 21 یاریی رابردوودا نەدۆڕاوە.
یانەی شورتە لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووە لە هەولێرە، بە گرنگییەکی زۆرەوە دەڕوانێتە یارییەکە، لەکاتێکدا دووجار لەم وەرزەدا بەرامبەر هەولێر یارییکردووە، لە یارییەکدا لە خولی عێراق 2-2 یەکسانبوون و لە یارییەکیشدا هەولێر لێیبردەوە و لە جامی عێراق کردییە دەرەوە.
تۆڕی میدیایی رووداو لەسەرجەم ژانەرەکانی رووماڵی یارییەکە دەکات و کاژێر 18:00 راستەوخۆ یارییەکە لە پەیجی رووداو سپۆرت لە فەیسبووک دەگوازرێتەوە.
بارزان شێرزاد، یاریزانی یانەی هەولێر بە رووداوی گوت " ئامادەکارییەکی زۆرباشمان بۆ یارییەکە کردووە و هەر چۆنێک بێت دەبێت سێ خاڵی یارییەکە ببەینەوە و دڵی هاندەرانمان خۆشبکەین."
کۆسرەت بایز، یاریزانی هێڵی بەرگری یانەی هەولێر بە رووداوی گوت " هەر یانەیەک بێتە یاریگەی هەولێر پێش هەموو شتێک دەبێت رێز لە یانەکە و هاندەرانی بگرێت، ئێمە رێز لە تیپی بەرامبەر دەگرین، لە مەشقەکاندا کارمان لەسەر یانەی شورتە کردووە و لە یارییەکەدا بۆ بردنەوە یارییدەکەین و دەمانەوێت سێ خاڵی یارییەکە بەدەستبهێنین."
بەهۆی ئەو رووداوانەی لەسەر ئاڵای کوردستان و عێراق، لە یاریی جامی عێراق لەنێو هەردوو یانەدا روویدا، یانەی هەولێر بڕیارییداوە رێگە نەدات بەهیچ شێوەیەک هەردوو ئاڵا ببرێتە نێو یاریگەی فرانسۆ هەریری بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ.
لەو بارەیەوە سەڵاحەدین سیامەند، جێگری سەرۆکی یانەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " ئێمە دەزانین ئاڵای کوردستان پیرۆزییەکی زۆری لای ئێمە هەیە و ناسنامەی میللەتە، بەڵام دەبێت رێگری لە هەموو ئەو کەسانە بگرین کە دەیانەوێت گێرەشێوێنی دروستبکەن، یەک لەوانە ئاڵایەکانە بۆیە بڕیارمانداوە قەدەخە بکرێت، کە ئەمە لەگەڵ هاندەرانیش باسکراوە."
لە بووڵتەنی کاژێر 08:30ـی هەواڵەکانی وەرزش کە سامان وڵاتژێری پێشکێشی دەکات، زانیارییەکانی تایبەت بە هەردوو یانە پێشاندران.
هەولێر و شورتە لە مێژوودا 48 یارییان لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتی و یارییە دۆستانەکاندا بەرامبەر یەکدی کردووە، یانەی شورتە باڵادەستە و 28 جار لە یانەکەی کوردستانی بردووەتەوە، لە بەرامبەردا یانەی هەولێر 13 بردنەوەی بەرامبەر یانەکەی بەغدا هەیە.
یانە زەرد پۆشەکەی باشووری کوردستان 7 جار لەگەڵ یانەی شورتە یەکسانبووە، 42 گۆڵی تۆمارکردووە و 79 گۆڵی لێکراوە.
لەم وەرزەی خولی عێراقدا، هەردوو یانە 21 یارییان هەیە کردووە، یانەی شورتە 18 بردنەوەی هەیە، 3 جار یەکسانبووە و هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، یانەکە بە کۆکردنەوەی 57 خاڵ لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە.
لە بەرامبەردا یانەی هەولێر لە 21 گەڕی رابردوودا، 6 بردنەوەی هەیە، 7 جار یەکسانبووە و 8 یاریی دۆڕاندووە، یانەکە بە کۆکردنەوەی 25 خاڵ لە پلەی دەیەمی ریزبەندی خولی عێراقە.
لەم وەرزەی خولی عێراقدا، شێرکۆ کەریم، ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەی عێراق گۆڵکاری یانەی هەولێرە و 6 گۆڵی تۆمارکردووە، مەحمود ئەلمەواس، هێرشبەری سوری گۆڵکاری خولی عێراق و یانەی شورتەیە و 13 گۆڵی لە خولەکەدا تۆمارکردووە.
هەر لە بووڵتەنە وەرزشییەکەی تۆڕی میدیایی رووداودا، پێکهاتەی پێشبینیکراوی هەردوو یانە پێشاندران.
هەولێر بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ بەهۆی پێکانەوە لە تواناکانی شوان مامۆ، ئەستێرە و کاپتنی یانەکە بێبەشدەبێت و ناتوانێت یاری بکات، لە بەرامبەردا یانەی شورتە تواناکانی عەبدولمەجید ئەبوبەکری پیشەگەر و محەممەد قاسمی بۆ گەڕاوەتەوە و تیپەکەی جگە لە عەلا عەبدولزەهرە و ئەحمەد زێرۆ بەتەواوی ئامادەیە و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.