یۆرگن كڵۆپ هەواڵێکی خۆشی پێگەیشت

رووداو دیجیتال

لیڤەرپوول مژدەیەکی خۆشی پێگەیشت سەبارەت بە هەردوو یاریزانەکەی، ڤێرجیل ڤان دایک و جۆی گۆمێز، کە ماوەیەکی زۆرە تووشی پێکان بوونە.

ڤان دایک له مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو له یاری بەرامبەر ئێڤێرتۆن تووشی پچڕان بووە لە بەستەری ئەژنۆی.

بەرگریکاری هۆڵەندی نەشتەرگەری بۆ کراوە و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا لە لیڤەرپوول دابڕاوە، کە پێشتر پێشبینی کراوە ئەم وەرزە یاری نەکاتەوە.

گۆمێز لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا تووشی پێکانێکی سەخت بوو و ئەویش نەشتەرگەری بۆ کراوە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمیی لیڤەرپوول، ڤان دایک و جۆ گۆمێز دوێنێ لە ناوەندی مەشق و راهێنانی یانەکەیان بوون.

بە گوتەی ماڵپەڕی یانەکە، ئەو دووانە بەردەوام بوون لە بەرنامەکانی چارەسەری لەگەڵ ئەندامانی تیمی پزیشکی یانەکە.

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە هەردوو یاریزان بەتەنیا راهێنانیان کردووە، بەپێی ئەو بەرنامەیەی کە هەیانبووە.

ماڵپەڕی فەرمی یانەکە، ژمارەیەک وێنەی مەشقی ڤان دایک و جۆی گۆمێزی بڵاوکردەوە، کە بە رۆحێکی باش و ورەیەکی بەرزەوە خۆیان نیشان دەدەن.

ڤان دایک هەروەها لە راهێنانەکانی تاکەکەسیدا دەرکەوت کە ئەو دەستی بە مامەڵەکردن لەگەڵ تۆپ کردووە.

ئەمڕۆ لە گەڕی 25ـی پرێمەرلیگدا، دێربیی مێرسیساید کاژێر 20:30 لەسەر یاریگەی ئانفێڵد لە نێوان هەردوو یانەی لیڤەرپوول و ئێڤێرتۆندا بەڕێوەدەچێت.