چیرۆک و نهێنییەکانی دێربی مێرسیساید

رووداو دیجیتال

بە هەر یارییەکی تۆپی پێی نێوان ئێڤێرتۆن و لیڤەرپوول دەگوترێت "دێربی مێرسیساید"، کە دوو سەرکەوتووترین یانەن لە شاری لیڤەرپوول لە ئینگلتەرا.

دێربی مێرسیساید ئێستا لە پرێمەرلیگدا یەکێکە لە بەناوبانگترین دێربییەکانی ئینگلتەرا، لەگەڵ بەناوبانگترین دێربییەکانی لەندەن.

رکابەرییەکە بە ناکۆکی بەرپرسانی ئێڤێرتۆن لەگەڵ خاوەنانی ئانفێڵدی ئەوکات دەستیپێکرد.

جیاواز لە پێشبڕکێکانی دیکە، هیچ ناکۆکییەکی سیاسی، جوگرافی و ئاینی لەنێوان لیڤەرپوول و ئێڤێرتۆندا نییە، یاریگاکە زۆرجار لە دێربی مێرسیساید پڕدەبێت، یەکێک لەو کەم دێربییە ناوخۆییانەی کە هاندەرانی هەردوولا لەنێو یاریگەدا تێکەڵی یەکدیدەبن، کە بە "دێربی دۆستانە" ناسراوە.

لە ناوەڕاستی دەیەی 1980ـەوە ئاستی رکابەریکردن ئەم یارییە لەناوەوە و دەرەوەی یاریگەدا زیادیکردووە، کە لە سەرەتای دەستپێکردنی خولی نایابی ئینگلیزی بەناوی پرێمەرلیگەوە لە ساڵی 1992ـەوە، ژمارەی ئەو یاریزانانەی لە دێربی مێرسیسایددا بە کارتی سوور دەرکراون زیاتر بووە لە هەر یارییەکی دیکە، کە بە خراپترین یاری پرێمەرلیگ ناودەبرێت لە رووی رێکخستن و کۆنترۆلکردنەوە.

نهێنی دێربی مێرسیساید

ناونانی دێربی مێرسیساید بەو ناوە بۆ ناوچەی مێرسیساید لە شاری لیڤەرپوول دەگەڕێتەوە، کە بارەگای هەردوو یانەی لێیە.

سەرەتای چیرۆکەکە

ئێڤێرتۆن له ساڵی 1878 دامەزراوە و له ساڵی 1884ـەوە یارییەکانی له ئانفێڵد دەکرد،  ئەوکات یاریگاکە موڵکی سەرۆکی یانەکە جۆن هۆڵدینگ بوو، کە ئەندامی پارتی پارێزگاران بوو، لە کاتێکدا زۆربەی ئەندامانی بۆردی ئێڤێرتۆن ئەندامی لیبڕاڵ بوون، له نێوان هۆڵدینگ و کارگێڕانی ئێڤەرتۆن دا کێشەیەکی سیاسی و دارایی دەستپێکرد و لە ساڵی 1892 ناکۆکییەکە گەیشتە لووتکە، بۆیە کارگێڕیی ئێڤێرتۆن بڕیاریدا یاریگەی ئانفێڵد جێبهێڵێت کە هۆلدینگ خاوەنیەتی و یاریگایەکی نوێ دروستبکات کە ناویان نا گۆدیسۆن پارک، هۆڵدینگیش بەرپەرچدانەوەی هەبوو، بڕیاریدا دەست لە ئێڤێرتۆن هەڵبگرێت و یانەیەکی نوێ له ئانفێڵد دابمەزرێنێت بە ناوی لیڤەرپوول.

دەستبەجێ دانیشتووانی شارەکە بەسەر لیڤەرپوول و ئێڤێرتۆندا دابەشبوون، پارێزگارەکان بوونە هاندەری لیڤەرپوول و لیبڕاڵەکانیش یانەی ئێڤێرتۆنیان هەڵبژارد.

تەنانەت رەهەندی ئایینیش باڵی بەسەر ئەم ناکۆکییەدا کێشا، کە زۆرینەی ئەندامانی ئێڤێرتۆن کاسۆلیک بوون، لە کاتێکدا پرۆتستانتەکان زیاتر لە لیڤەرپوولەوە نزیک بوون، بەڵام ئەو ناکۆکییە زۆری نەخایەند وەک ئەوەی لەنێوان هەردوو یانە گەورەکەی سکۆتلەندا، رێنجەرز و سێلتیکدا هەیە، کە ئێستا هاندەرانی هەردوو یانەکەی شاری لیڤەرپوول لە هەموو گرووپە سیاسی و ئایینییەکان پێکدێن بەبێ جیاوازی.