رووداو دیجیتاڵ
تیروپشکی قۆناخی هەشتی جامی شای ئیسپانیا راکێشرا و ئەرکی هەردوو یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنا تارادەیەک ئاسانە، بەڵام هەردووکیان لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان یاری دەکەن.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، تیروپشکی قۆناخی 8ـی پاڵەوانێتییەکە راکێشرا، لە یەکەم یارییدا یانەی بارسێلۆنا، پاڵەوانی جامی سوپەری ئیسپانیا کەوتە بەرامبەر یانەی ڤالێنسیا و یارییەکە لە یاریگەی مێستایای تایبەت بە یانەی ڤالێنسیا بەڕێوەدەچێت.
دوای ئەوە لە یاریی دووەمدا، یانەی ریال مەدرید کەوتە بەرامبەر یانەی لێگانێس و یانەی شاهانەش هاوشێوەی بارسا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاریی ئەم قۆناخەی پاڵەوانێتییەکە ئەنجامدەدات.
دوو یارییەکەی دیکەی ئەم قۆناخەی پاڵەوانێتی جامی شای ئیسپانیا، لەنێوان هەردوو یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید و خێتافی، ریال سۆسیداد و ئۆساسۆنا دەبێت، ئاتلێتیکۆ مەدرید و ریال سۆسیداد لەم قۆناخەدا لەنێو یاریگە و هاندەرانیاندا یاری دەکەن.
یارییەکانی ئەم قۆناخەی پاڵەوانێتییەکە، لە رۆژی 4، 5 و 6ـی مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچن و بە یەک یاری ئەم قۆناخە تەواو دەبێت و براوە راستەوخۆ دەگاتە قۆناخی پێشکۆتایی، دوای ئەوەش تیروپشک بۆ قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە ئەنجامدەدرێت و لەو قۆناخەوە یارییەکان دەبنەوە چوون و گەڕانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ