رووداو دیجیتاڵ
یارییەکانی گەڕی 15ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەردەوامدەبن و ئەمڕۆ سێ یانەی کوردستانی بەرامبەر سێ یانەی جیاواز یاری دەکەن و هەرسێکیان ناوی نەفتە.
یانەی زاخۆی خاوەنی پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکە، دوای ئەوەی لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا لە بەسرە رووبەڕووی رێگریکردن بووەوە و یاریگەی مەشقی پێنەدرا، دوێنێ دوایین ئامادەکارییەکانی لەسەر چیمەنی یاریگە ئەنجامدا و بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەی نەفت بەسرە ئامادەیە.
زاخۆ نایەوێت لە رکابەرییەکە دووربکەوێتەوە، بۆیە چاوی لە بردنەوەیەکی دیکەیە و دەیەوێت دۆڕانی بەرامبەر یانەی کارەبا لە یاریگەی خۆیدا قەرەبوو بکاتەوە.
یانەی دهۆک خاوەنی پلەی پێنجەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، ئەمڕۆ ئەوانیش بەرامبەر نەفتێکی دیکە یاری دەکەن و لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان رووبەڕووی یانەی نەفت میسان دەبنەوە.
لە یارییەکەدا دهۆک لە تواناکانی ماسیس ئارتن، زولفەقار عەبدیونس و کەریم دەروێش بێبەش دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یانەکە چاوی لە بردنەوەیەکی دیکەیە.
هەرچی یانەی نەورۆزە، ئەوانیش لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان یاری دەکەن و لە بەغدا رووبەڕووی یانەی نەفت دەبنەوە.
نەورۆز بەر لەم یارییە لە پلەی پازدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە و چاوی لە هەڵکشانی زیاترە بەرەو پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ