فلۆرێنتینۆ پێرێز بەبێ رکابەر بووەوە سەرۆکی یانەی ریال مەدرید

20-01-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن فلۆرێنتینۆ پێرێز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید جارێکی دیکە و بۆ ماوەی چوار ساڵی دیکە وەکو سەرۆکی یانەکە هەڵبژێردرایەوە و تاوەکو ساڵی 2029 وەکو سەرۆکی یانەکە بەردەوامدەبێت.
 
سەرۆکی یانەی ریال مەدرید بەبێ هیچ رکابەرێک بەربژێر بوو بۆ بردنەوەی سەرۆکی یانەکە و جارێکی دیکە وەکو سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای بەڕێوەبردنی یانەی شاهانە هەڵبژێردرایەوە و لە سەرۆکایەتیکردنی یانەکە بەردەوامدەبێت.
 
شەوی رابردوو، لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی یانەکە رایگەیاند، فلۆرێنتینۆ پێرێز، بەبێ بوونی هیچ بەربژێرێک و وادەیەکی دیاریکراوی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان وەکو سەرۆکی یانەی ریال مەدرید دەمێنێتەوە.
 
بەپێی ماددەی  40.E.2 لە سیستمی سەرەکی یانەی شاهانە، لە کاتی نەبوونی هیچ رکابەرێک، ئەوا راستەوخۆ ناوی ئەندامانی ئەنجوومەنی یانەکە رادەگەیێنرێت، بۆیە لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی یانەی ریال مەدرید بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە تەنیا یەک بەربژێر هەبووە بۆ ئەو پۆستە کە فلۆرێنتینۆ پێرێز بووە، بڕیارییدا پێرێز وەکو سەرۆکی یانەکە بمێنێتەوە.
 
ئەمە حەوتەم ویلایەتی کارکردنی فلۆرێنتینۆ پێرێزە، وەکو سەرۆکی یانەی ریال مەدرید کار دەکات، هاوینی داهاتوو 25 ساڵ بەسەر هاتنی ئەو بۆ سەرۆکایەتیکردنی ریال مەدرید تێدەپەڕێت، لەو ماوەیەدا تەنیا سێ ساڵ لە سەرۆکایەتیکردنی یانەکە دابڕاوە لەنێوان 2006 و 2009.
 
لە ساڵی 2000 پێرێز سەرکەوتنی بەرامبەر لۆرێنزۆ سانز، سەرۆکی پێشووی یانەکە بەدەستهێنا و بووە سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، بەڵام لە 2004 بە جیاوازییەکی گەورە بووەوە بە سەرۆکی یانەی شاهانە.
 
لە هەڵبژاردنەکانی 2009، 2013، 2017 و 2021، بەبێ بوونی هیچ رکابەرێک فلۆرێنتینۆ پێرێز بە سەرۆکی ریال مەدرید هەڵبژێردرایەوە.
 
ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی یانەی ریال مەدرید، لە فلۆرێنتینۆ پێرێز، وەکو سەرۆکی یانەکە، 4 جێگری سەرۆک، سکرتێر و 13 ئەندام پێکدێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە