سەدر پیرۆزبایی بردنەوەی جامی کەنداو لە هەڵبژاردەی عێراق دەکات


رووداو دیجیتاڵ

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی بردنەوەی جامی کەنداوی لە هەڵبژاردەی عێراق و یەکێتیی تۆپی پێی وڵاتەکە کرد. 
 
نووسینگەی سەدر لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "موقتەدا سەدر ئەمڕۆ 20ـی کانوونی دووەمی 2023، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ یاریزانانی هەڵبژاردەی نیشتمانیی عێراق، بەڕێز عەدنان دەرجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، کاپتن یونس مەحموودی جێگری و بەڕێز ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە ئەنجامدا."
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، سەدر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا "پیرۆزبایی خۆی پێشكێشکردوون بە بۆنەی بردنەوەی جامی کەنداوی عەرەبیی 25 لە لایەن هەڵبژاردەی عێراقەوە،" هەروەها "سوپاسگوزاریی خۆی بەرامبەر هەوڵەکانی سەرخستنی پاڵەوانێتییەکە دەربڕیوە."
 
رۆژی پێنجشەممە هەڵبژاردەی عێراق لە دوای ساڵی 1988ـەوە جارێکی دیکە ناسناوی جامی کەنداوی بردەوە، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ شکستی بە عومان هێنا و بۆ جاری چوارەم لە مێژوویدا بووە پاڵەوان.
 
راگەیێندراوەکە دەشڵێت، سەدر "سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی خەڵکی پارێزگەی بەسرە کرد لە بەرامبەر ئەو پێشوازییە گەرمەی لەو میوانە بەڕێزانە کرد کە لە خاکی بەسرە مانەوە."