یاریزانێکی ئێران لەسەر سووکایەتیکردن بە جلوبەرگی کوردی هاتە دەنگ

20-01-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن جل و بەرگی کوردی
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

ئەستێرەیەکی بەنێوبانگی هەڵبژاردەی ئێران و پێشووی یانەی ئیستقلال تەهرانی ئەو وڵاتە، نیگەران خۆی بەرامبەر ئەو سووکایەتی پێکردنە لە میدیای ئێراندا پێشاندا کە چەند رۆژی رابردوو بەرامبەر جلوبەرگی کوردی کرا.

میلاد میداڤۆدی، هێرشبەری پێشووی هەڵبژاردەی ئێران و یانەی ئیستقلال، لە ستۆریی ئینستاگرامەکەیدا پۆستێکی کردووە، لەژێر ئەو پۆستەیدا وریا غەفووریی کاپتنی ئەو یانەیە، بەختیار رەحمانیی یاریزانی یانەی دالکورد و نەوید محەممەدزادە، ئەکتەری ناسراوی کوردی تاگ کردووە و نووسیوویەتی، "کورد نیم، بەڵام هاوڕێی کوردی بە ویژدان و خۆشەویستی زۆرم هەیە، کە بەشەرەف و رەسەن و خاوەن مێژوون، بەو جل و بەرگە جوانەی کە لەبەریدەکەن ".

میداڤۆدی لە کۆتایی پۆستەکەیدا نووسیوویەتی، بژی کوردستان.

ئەم پاڵپشتییەی ئەو یاریزانە ئێرانییە لە کورد لە کاتێکدا کە چەند رۆژێک لەمەبەر لە یەکێک لە بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکانی ئێراندا سووکایەتی بە جلوبەرگی کوردی کرا و ئەمەش کاردانەوەی گەورەی لەسەر هەموو ئاستەکان بەدوای خۆیدا هێنا.

میلاد میداڤۆدی، ئێستا تەمەنی 35 ساڵە، 29 یاریی نێودەوڵەتیی بۆ هەڵبژاردەی ئێران کردووە و خاوەنی 6 گۆڵ بووە، لەسەر ئاستی یانەکان بۆ یانەکانی، ئیستقلال ئەهواز، پاس، ئیستقلال تەهران، ئەلمنیوم، ئیستقلال خۆزستان، سایپا، راهـ ئاهان، سیا‌هـ جامێگان، نەفت مەسجدی ئێرانی و شەباب ئەهلی دوبەی ئیماراتی یارییکردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە