بۆ یارییەکەیان بەرامبەر کوێت جارێکی دیکە سەرهەنگ موحسین پشتگوێخرا

رووداو دیجیتال 

سریچکۆ کاتانیچ، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق پێکهاتەی هەڵبژاردەکەی بۆ یارییە دۆستانەکەیان بەرامبەر بە هەڵبژاردەی کوێت راگەیاند و جارێکی دیکە سەرهەنگ موحسین پشتگوێخرا، بەڵام ناوی کوردێک لە پێکهاتەکەدایە.

رۆژی 27ـی ئەم مانگە لە شاری بەسرە، هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و کوێت لە یارییەکی دۆستانەدا بەیەکدەگەن، ئەم یارییە وەک ئامادەکارییەک دەبێت بۆ پاڵاوتنەکانی مۆندیال و جامی نەتەوەکانی ئاسیا.

کاتانیچ جارێکی دیکە یەکێک لە باشترین گۆڵپارێزەکانی ئەم وەرزەی خولی عێراق، کە سەرهەنگ موحسینە پشتگوێ دەخات و بانگهێشتی ناکات. لە کاتێکدا سەرهەنگ لەم وەرزەدا لە کۆی 14 یاریدا خاوەنی 7 کلین شیتە، لە زۆربەی یارییەکاندا ئاستی بەرزبووە و جێگەی سەرنجی میدیا کەسایەتییە وەرزشییەکانی عێراق بووە.

لە پێکهاتەی هەڵبژاردەی عێراقدا شێرکۆ کەریم بۆ دووەمجار لەسەریەک بانگهێشتکراوە، کە لە یاریی رابردوودا بەرامبەر بە هەڵبژاردەی ئیمارات بانگهێشتکرا و چەند خولێک لە نیوەی دووەمدا یاریکرد.

ئەو شاندەی کە رۆژی شەممە دەگەنە شاری بەسرە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کوێت بریتین لە گۆڵپارێزان: جەلال حەسەن، محەممەد حەمید و فەهد تاڵب.

بەرگریکاران: عەلا مەهاوی، مستەفا محەممەد، محەممەد جەبر، مەیسەم جەبار، عەلی فایز، سەعد ناتق، ئەحمەد ئیبراهیم، فەیسەڵ جاسم، حەسەن رائد، زرغام ئیسماعیل.

ناوەراستکاران: ئەمجەد عەتوان، هومام تارق، مازن فەییاز، ئیبرازهیم بایش، محەممەد قاسم، حسێن عەلی، سەجاد جاسن، موراد محەممەد.

هێرشبەران: شێرکۆ کەریم، عەلا عەبدولزەهرە و ئەیمەن حوسێن.

هەڵبژارەی عێراق لەم یارییەدا تەنیا بە یاریزانە نێوخۆییەکان یاریدەکات و یاریزانە پیشەگەرەکان بانگهێشتنەکراون.