دۆناڵد ترەمپ لە نێوان خۆشەویستی و رقی وەرزشواناندا

رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپی 45مین سەرۆکی ئەمریکا، لە ماوەی دەسەڵاتی سەرۆکایەتیدا، پێشوازی لە زۆرترین وەرزشوان کردووە و زۆرترین وەرزشوانیشی لە خۆی رەنجاندووە.

ئەمڕۆ دوایین رۆژی ترەمپی سەرۆکی ئەمریکایە لە پۆستی سەرۆکایەتی وڵاتەکەیدا، دۆناڵد هەر لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا زۆرترین وەرزشوانی بانگهێشتی کۆشکی سپی کردووە و خەڵاتی کردوون و زۆرترین وەرزشوانیشی لە خۆی رەنجاندووە، بەهۆی هێرشکردنە سەریان و پەراوێزخستنیان.

ترەمپ لە هەموو وەرزشەکاندا پێشوازی لە یاریزانان، یانەکان و براوەکان کردووە و لە کۆشکی سپی خەڵاتی کردوون و رێزی لێناون.

لە کێشکانیشدا یەکەم کێشەی ترەمپ لەگەڵ وەرزشوانان لەسەر گوتننەوەی سروودی نیشتیمانی بوو، دواتر لەگەڵ ئەستێرەکانی خولی باسکەی ئەمریکی لەسەر چاکسازی یاسای دادوەری کۆمەڵایەتی بوو، ئەمانە وایکرد چەند ئەستێرەیەکی باسکە، تۆپی پێ و تۆپی پێی خانمانیش چوونە کۆشکی سپی بایکۆت بکەن.

هەروەها لە یاری گۆڵفیش کە یاری دڵخوازی ترەمپە چەند کێشەیەک درووستبووە، بەجۆرێک خاوەن و بەڕێوەبەرانی چەند پاڵەوانێتییەک رەتیانکردووەتەوە تخوونی سەرۆکەکەی ئەمریکا بکەونەوە و یاریکردنیان لە یاریگاکانی گۆڵفی ترەمپ بایکۆت کرد.