خراپی یاریگەکانی کوردستان و کاریگەرییەکانی

20-01-2018
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لوقمان عەلی
A+ A-

رووداو - هەولێر

لەلایەن؛ لوقمان عەلی


دیمەنەکانی یارییەکەی لاوانی زێرەڤانی وپێشمەرگەی ھەولێر لەلایەک، زاخۆ و ھەولێر لەلایەکی دیکە بینی کە لە رکابەرییەکانی گەڕی چوارەمی خولی نایابی لاوانی کوردستان بوو، ئەم دوو یارییە تەنانەت بە یاریی نەدەچوون، بەڵکو وەک مەلەوانگەیەک یاخود وەک جۆگەیەکی کۆڵانەکانی گەڕەکێکی ھەژار بوو کاتێک بارانێکی بەخوڕ دەبارێت دواتر پڕ دەبن لەئاو و دەگەن بەژوورەوەی ماڵەکان، ئیتر خۆتان دەزانن چیان بەسەر دێت، نەدەتوانن چارەسەری بکەن، نە ھاتووچۆیەک، نە ھانا بۆ لایەنی پەیوەندیدار ببەن بەپێی ئەوەی ئەوانیش ھیچیان پێ ناکرێت، ئەزانن بۆ، چونکە ژێرخانی کۆڵانەکان سەقەتن و دیزاینی درووستکردنیان کۆنە و، ھەنگاویش نەبووە بۆ چارەسەرکردنیان و بێ خەمی وبێ باکیش باڵی کێشاوە بەسەریاندا.


بەشێک لەیاریگەکانی کوردستانیش ھاوشێوەی ئەو نموونەن، ئێستە ئێمە لە ساڵی 2018ـی سەدەی بیست ویەکین، کەچی ئەمانەمان ھەیە، گۆڕەپانێکی زەرد، زۆری تاسە و تەگەر و چاڵ، رەنگی چیمەن تێکەڵاوە یاخود لە وەرزی ھاوین سووتاوە، لە زستانیش قوڕ و لیتاوە،واتا ژێرخانەکەی داڕووخاوە، ئەمانە و چەندانیتر دەبن بە بەربەست بەرانبەر پێشکەوتنی ئاستی یارییەکە.

ئەگەر لە بەرپرسانی ئەو یانانە بپرسی ئەوانەی خاوەنی ئەم جۆرە یاریگایانەن، بۆچی چیمەنی یاریگەکان ناگۆڕن یان چارەسەری ناکەن؟ وەڵامەکەیان بێ پارەییە! باشە بۆچی ئەو کاتەی کە پارەتان زۆر بوو نەتانگۆڕی!؟

لە یارییەکەی لاوانی زێرەڤانی و پێشمەرگەی ھەولێر ئایا ھیچ یاریزانێک دووچاری پێکان ھاتووە یاخود نا؟ چونکە یاریگەکە نەک وێران بوو، بەڵکو بۆ رۆیشتنیش بەسەریدا بەکەڵک نەدەھات، ئەی بۆ یارییەکەی زاخۆ و ھەولێر، راستە چیمەنی یاریگەکە پەسەند و جوانە لەرووی رەنگەکەی، بەڵام بە بارانێکی چەند کاتژمێری بوو بە مەلەوانگە، گەیشتە ئەو رادەیەی سەرپەرشتیاری یارییەکە بڕیاری راگرتنی بدات و بەبەلەم یاریزانەکان خۆیان بگەیننە ژوورەکانی خۆگۆڕین!.

خراپی گۆڕەپانی یاریگەکان کاریگەری لەسەر یاریزانان و ناوبژیوانان و راھێنەران و ھاندەران و یاریی تۆپی پێ بەگشتی دەکات بەم شێوەیەی خوارەوە:.

ـ خراپی گۆڕەپانی یاریگە تام و چێژی یاری بنەبڕ دەکات.

ـ رێگڕی لە ئەنجامدانی پاس و کۆنتڕۆڵی تۆپ دەکات بەھۆی چاڵ و قوڕ و لیتاو.

ـ کاریگەری لەسەر راھێنەر دەکات چونکە ناتوانێت پلانەکانی وەک پێویست جێبەجێ بکات.

ـ خراپی یاریگە یاریزان دووچاری جۆرەھا پێکانی مەترسیدار دەکات و رەنگە بەیەکجاری لە لاکێشە سەوزەکە دووری بخاتەوە.

ـ ھێرشبەران تەنانەت دەرفەتە ئاسانەکانیش لەدەست دەدەن، کێشە بۆ گۆڵپارێزان، بەرگریکاران و ناوەڕاستکارانیش درووست دەبێت و تەنیا ئەرکی سەرەکیان دوورخستنەوەی تۆ دەبێت.

ـ ناوبژیوانان ناتوانن کارەکەیان بەتەواوی ئەنجام بدەن ئەوانیش ھەر وەک یاریزان ھەژمار دەکرێن.

ـ بەھۆی ئەم بابەتەوە ھاندەران ئامادەنین زەحمەتی ببینن و روو لەو جۆرە یاریگەیانە بکەن.

ـ کاریگەری لەسە راگەیاندنەکان دەکات لەکاتی رووماڵکردنی یارییەکانداو، دیمەنی جوان نابیندرێت، لە راپۆرتەکانیش رستەیەکیش نابیستیت تێیدا باسی پلان و ئاستی ھونەری یارییەکان کرابێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە