مۆرینیۆ: محەممەد سەڵاح منداڵە


رووداو دیجیتاڵ

جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری پۆرتوگالی باسی لەهۆکاری فرۆشتنی محەممەد سەڵاح لە یانەی چێڵسی کردووە، دەڵێ ئەو وەک منداڵبوو، زۆری پەلە بوو، ئارامی نەدەگرت بۆ ئەوەی هەلی پێویستی پێبدرێت.
 
مۆرینیۆی راهێنەری ئێستای رۆما و پێشتری چێڵسی، ئینتەرمیلان و ریال مەدرید، لە کاتی بوونیدا لە چێڵسی، ئەو یانەیە محەممەد سەڵاحی فرۆشت بە یانەی رۆما، بەرلەوەی ئەو یاریزانە ببێتە ئەستێرەیەکی گەورە و درەوشاوەی یانەی لیڤەرپوول.
 
سەڵاح لە دوای بەجێهێشتنی لەندەنەوە، بەرزبوونەوەی گەورەی بەئاستی خۆیەوە بینیووە، ئەوەش وایکردووە زۆر چاودێر و هاندەرانی چێڵسی رەخنە لە مۆرینیۆ بگرن کە رێگەیداوە ئەو یاریزانە لە یانەکە بڕوات.
 
سەڵاح لەگەڵ لیڤەرپوول نازناوی پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە، ژمارەی گۆڵەکانی لەگەڵ ئەو یانەیە 200 گۆڵە.
 
سپێشەڵ وەن لە پۆدکاستێکدا لەگەڵ جۆن ئۆبی میکێلی یاریزانی پێشووی چێڵسی دەڵێ، سەڵاح ئارامی نەبوو لە ستامفۆرد بریج، دەیویست بڕوات بۆ ئەوەی هەلی زیاتری یارییکردنی هەبێت.
 
ئەو هەروەها روونیکردووەتەوە، ئەو رۆیشت لە یانەکە چونکە نەیدەویست لەوە زیاتر ئارام بگرێت، مێژووش سەلماندی کە بژاردەکەی ئەو دروستبوو پاشئەوەی ئاستی زۆر بەرزبووەوە، بەڵام هەندێکجار منداڵانیش بڕیاری وەکئەوەی سەڵاح دەدەن، چونکە ناتوانن چاوەڕێ بکەن.
 
سەڵاح ساڵی 2014 لە بازڵەوە روویکردە چێڵسی، تەنیا لە 19 یارییدا بەشدارییکرد، بەرلەوەی لە ناوەڕاستی وەرزی 2014 - 2015دا رووبکاتە ئیتاڵیا و بەخواستن یاریی بۆ فیۆرێنتینا بکات، بەڵام لەو وەرزەدا چێڵسی نازناوی پرێمەرلیگی بردەوە.
 
سەڵاح دواتر دواتر بەخواستن روویکردە رۆما و ئەو یانەیە پاشان ئەو یاریزانەی بە 17 ملیۆن پاوەند کڕییەوە.
 
مۆرینیۆ ئاشکرایکردووە، لەپێناو سەڵاحدا جەنگی بەرپاکردووە، ئەو دەڵێ، کاتێک خەڵک دەڵێن من رێگەمداوە سەڵاح بڕوات، پێیاندەڵێم رێک پێچەوانەکە راستە، ئەو لەبنەماوە لە بازڵەوە خەریکبوو دەچووە لیڤەرپوول، بەڵام من لەپێناویدا شەڕی دونیام کرد بۆ ئەوەی رازیبکەم بێتە چێڵسی.
 
مۆ دەڵێ، بۆ ئەوەشی ببیتە یاریزانی چێڵسی لەوکاتەدا، دەبوو یان ئاستێکی باش پێشکێش بکەیت یان چاوەڕێ بکەیت و لەسەر کورسیی یەدەگ بیت، بەڵام ئەو توانای چاوەڕوانیی نەبوو، بەڵکو دەیویست بەخواستن لە یانەکە بڕوات، دوای ئەوە ئیدی چێڵسی بڕیاریدا بیفرۆشێت و بڕیاری فرۆشتنەکەش بڕیاری من نەبوو.