13 یانە داوای یاریزانێکی پێپ گواردیۆلا دەکەن

19-12-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کالڤین فیلیپس یوڤێنتوس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئینگلتەرا رایانگەیاند، زیاتر لە 13 یانە دەیانەوێت لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا کالڤین فیلیپسی یاریزانی یانەی مانچێستەر سیتی ببەنە ریزەکانیان.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، نیوکاسڵ یونایتد و 12 یانەی ئینگلیزی و ئەوروپی ئارەزووی گرێبەستکردنیان لەگەڵ کالڤین فیلیپس هەیە.
 
فیلیپس خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا لە مانچێستەر سیتی بڕوات، و بەدوای یانەیەکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی بەشداریکردنی لە یارییەکاندا زیاتر بکات.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دەرفەتی یاریکردن بۆ یانەی یوڤێنتۆس بە سەرکردایەتی ماسیمیلیانۆ ئالێگری، تاوەکو ئێستاش بیرۆکەیەکی قبوڵکراوە لای یاریزانەکەی پێشووی لیدز یونایتدی ئینگلیزی.
 
میدیاکانی ئیتاڵیا پێشتر پشتڕاستیان کردبووەوە کە یوڤێنتوس دەست بە دانوستاندنەکانی لەگەڵ مانچێستەر سیتی دەکات بۆ گواستنەوەی کالڤین فیلیپس.
 
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، کریستیانۆ جێنتۆلی، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی یوڤێنتوس بە زووترین کات کۆبوونەوەیەک لەگەڵ هاوتاکەی لە مانچێستەر سیتی ئەنجام دەدات.
 
یوڤێنتوس دەیەوێت فیلیپس بەشێوەی خواستن بۆ ماوەی 6 مانگ بباتە ریزەکانی، لەگەڵ بژاردەی کڕینی لە هاویندا.
 
لە راپۆرتەکەی رۆژنامەی دەیلی مەیلدا ئاماژە بەوە کراوە کە مانچێستەر یونایتد، تۆتێنهام و نیوکاسڵ یونایتدیش لە پرێمەرلیگ ئارەزووی گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە دەکەن.
 
پێشتر راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە یانەی مانچێستەر سیتی نرخی 50 ملیۆن پاوەندی داناوە بۆ فرۆشتنی کالڤین فیلیپس.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە